Sarmand Hameed
07 کانوونی یەکەم 2021•نوێکردنەوە: 08 کانوونی یەکەم 2021
هەولێر - AA
سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، مەسعود بارزانی پێشوازیی کرد لە سەرۆکی ھاوپەیمانی تەقەدوم، محەمەد حەلبوسی و شاندێکی یاوەری.
بەگوێرەی ئەو راگەیەندراوەی کە لە بارەگای بارزانی بڵاوکراوەتەوە، لە سەرەتای دیدارەکەدا سەرۆکی ھاوپەیمانی تەقەدوم سەرەخۆشی خۆی بۆ کەسوکاری ئەو پێشمەرگە شەھیدانە بە مەسعود بارزانی گەیاندووە کە لە چەند رۆژی رابردوو لە پەلامارە تیرۆریستییەکانی داعش شەھیدبوون.
لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشدراوە کە لە بەشێکی دیکەی ئەو کۆبوونەوەیەدا، رۆشنایی خراوەتە سەر بارودۆخی سیاسی عێراق و دەرئەنجامەکانی ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەران و ھەوڵەکان بۆ پێکھێنانی حکوومەتی نوێی عێراق.
ئەوەش خراوەتەڕوو کە بەشدارانی کۆبوونەوەکە جەختیان لە جێبەجێکردنی پرەنسیپی شەراکەت و تەوازون و چاکسازیی لە حوکمرانی لە قۆناغی داھاتوو کردەوە بە مەبەستی رزگاربوونی عێراق لە قەیران و تەحەدیاتەکان.
بەپێی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنی پێشوەختی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کە لە لایەن کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانەوە راگەیەندراوە، هاوپەیمانی تەقەدووم بەسەرۆکایەتی محەمەد حەلبوسی ٣٧ کورسی و پارتی دیموکراتی کوردستان بە سەرۆکایەتی مەسعود بارزانی ٣١ کورسی لە کۆی ٣٢٩ کورسی ئەنجوومەنی نوێنەران بەدەست هێناوە.