Zana Natık Kerem
07 کانوونی یەکەم 2021•نوێکردنەوە: 07 کانوونی یەکەم 2021
ھەولێر ــ AA
سەرکۆماری عێراق، بەرھەم ساڵح رایگەیاند کە پێویستە بەشداری راستەقینەی مەسیحییەکان لە بوارە سیاسیی، کۆمەڵایەتیی و فەرھەنگییەکان لە عێراق، مسۆگەر بکرێت.
نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکایەتی کۆماری عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە ئەمڕۆ سێشەممە، بەرھەم ساڵح لە کۆشکی بەغدا پێشوازیی کردووە لە سەرۆکی کڵێسای ئاشوری رۆژھەڵات لە عێراق و جیھان، پاتریارک مار ئاوای سێیەم روێل.
بەپێی راگەیەندراوەکە سەرکۆماری عێراق، بەرھەم ساڵح پیرۆزبایی لە پاتریارک مار ئاوای سێیەم روێل کردووە بەبۆنەی دەستبەکاربوونی وەک سەرۆکی کڵێسای ئاشوری رۆژھەڵات لە عێراق و جیھان و ھیوای سەرکەوتنی بۆ خواستووە لە ئەرکەکانیدا.
باسی لەوەش کردووە کە بەرھەم ساڵح رایگەیاندووە، مەسیحییەکانی عێراق بەشێکی گرنگ و دانەبڕاون لە پێکھاتەکانی عێراق، بەڵگەش بۆ ئەمە بەشداری و پابەندبوونی مەسیحییەکانە لە پرسە نیشتمانییەکان، بۆیە پێویستە بەشداری راستەقینەی مەسیحییەکان لە بوارە سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و فەرھەنگییەکان مسۆگەر بکرێت.
لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەیش خراوەتەڕوو، سەرکۆماری عێراق جەختی کردووەتە لە پێویستی گەڕانەوەی سەرجەم ئاوارە مەسیحییەکان بۆ ناوچەکانی خۆیان، ھەروەھا جەختیشی کردوووتەوە لە زامنکردنی گەڕانەوەی ئارەزوومەندانەی کۆچبەران لە دەرەوەی وڵات بەشێوەیەکی پارێزراو و سەقامگیر، ھاوکات دووپاتی کردووەتەوە، ئەو دەستدرێژییەیی کە دەکرێتە سەر مەسیحییەکان، لەلایەن ھەموو پێکھاتەکانی دیکەی عێراقەوە رەتدەکرێتەوە و سەرکۆنە دەکرێت.
بەپێی راگەیەندراوەکە سەرۆکی کڵێسای ئاشوری رۆژھەڵات لە عێراق و جیھان، پاتریارک مار ئاوای سێیەم روێل سوپاسی و پێزانینی خۆی ئاراستەی سەرکۆماری عێراقی کردووە بۆ پشتیوانیکردنی لە مەسیحییەکان و پێکھاتەکانی دیکەی عێراق لە پێناو چەسپاندنی پێکەوەژیان و ئاشتی کۆمەڵایەتیی.