ئەیلات
بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا، ئەو چەکانەی نیشانی رای گشتی دا کە ھێزە دەریاییەکانی ئیسرائیل توانیویانە لە دەریای سوور لەنێو کەشتییەکی ئێرانیدا دەستی بەسەردا بگرن.
ناتانیاهۆ گوتی: ئەو کەشتییە ئێرانییە، لە لایەن حکومەتی ئێرانەوە راسپێردراوە تا چەک و تەقەمەنی بۆ حەماس بگوازێتەوە، چەکەکان لە ئێران و لە لایەن ئێرانییەکانەوە بار کراون. راستی بە ھیچ شێوەیەک نەمدەویست لێرە کۆنگرەی رۆژنامەوانی ساز بکەم، ئاشکراکردنی ئەو شتانەی لە نێو ئەو کەشتییەدان، ئێران توڕە دەکا. چەند کەس و لایەنێکیش داوایان لە ئێمە دەکرد تا دان بەوەدا بنین لە ئێران گۆڕانکاریی کراوە و سیاسەتی ئێران گۆڕانکاریی بەسەر داهاتووە، ئێران ئامادە نییە خۆی لە رژێمێکی توندڕۆی بێ بەزەیی کە ھاوکاریی و تیرۆریزم دەکا جیا بکاتەوە، ئێران لە ئامادەکاریی تێکدانی ئاشتی لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست و لەناوبردنی ئیسرائیلدایە."
ناتانیاھۆ لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا جەختیکردەوە "ئەو چەکانەی لە نێو کەشتییەکدا بار کرابوون، بۆ حەماس دەنێردران لە غەززە. ئێران دەیەوێ بەو چەکانە و لەڕێی تیرۆریستەکانی غەززەوە ئیسرائیل لە ناوبەرێ. وەکو جاران، ئێران حەشا لە راستییەکان دەکا، وەزیری دەرەوەی ئێران دەڵێ پرسی ئەو کەشتییە درۆیەکی سەرنەکەوتووە، بەڵام ئایا ئێران درۆ بۆ کێ دەکا؟ ئیستیخباراتی ئێمە شوێن پێی ئەو کەشتییەیان هەڵگرت تا دەستی بەسەرداگیرا جا ئێران چۆن دەتوانێ حەشا لە راستییەکان بکا. بێجگە لەمانە کارمەندانی ئەو کەشتییە لە ئیفادەکانیاندا باسی ئەوەیان کردووە کە چۆن لە بەندەر عەباس ئێرانییەکان ئەو چەکانەیان بارکردووە. بە زمانێکی دیکە دەتوانم بڵێم ئێران ئەم مووشەک و چەکانەی بۆ تیرۆریستان ناردووە و زۆر بە بێ شەرمانە حەشای لێ دەکا. ئەمە نیشانەی ئەوەیە ھێشتا ئێران نەگۆڕاوە، رابەری راستەقینەی ئێران ئەو رۆحانییە نییە کە دەمی بە پێکەنینە بەڵکو تەنیا پیاوی پەیوەندییەکانی لەگەڵ خەڵکە، رابەری راستەقینەی ئێران خامنەییە."
بۆ وەرگرتنی وردەکاریی زیاتر (ھەواڵ، وێنە، ڤیدیۆ) ببن بە ئابوونەداری ئاژانسی ئانادۆڵو.