Hemn Baban
23 تەمووز 2018•نوێکردنەوە: 24 تەمووز 2018
ھەولێر - AA
بەڕێوەبەری ئاسایشی ھەولێر دەڵێت ناسنامەی ھەرسێ ھێرشبەرەکەی سەر باڵەخانەی پارێزگای ھەولێر لە لای ئەوان ناسراون.
پارێزگاری ھەولێر، نەوزاد ھادی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا لەگەڵ بەڕێوەبەری ئاسایشی ھەولێر، تاریق نوری رایگەیاند "بەرەبەیانی ئەمڕۆ چەند چەکدارێک ھێرشیان کردووەتە سەر باڵەخانەی پارێزگاری ھەولێر کە رۆژانە ھاووڵاتییان بۆ تەواوکردنی مامەڵەکانیان سەردانی دەکەن، بەڵام بەدڵنیاییەوە ناتوانن فەرمانبەران و کارمەندان و ئاسایشە قارەمانەکانمان ساردبکەنەوە لە خزمەتکردن، ئەوان بەم کردەوانەیان ناتوانن بێ ئومێدمان بکەن، ئێمە سوورتردەبین لە خزمەتکردنی نیشتمان و ئەم ھەولێرە جوانە".
گوتیشی: "ھێشتا زووە، بەڵام ھێزەکانی ئاسایش دواتر وردەکاری تەواوی ئەم کردە تیرۆریستییە بڵاودەکاتەوە".
بەڕێوەبەری ئاسایشی ھەولێر، تاریق نوری لە لێدوانێکی رۆژنامەوانییدا لەوبارەیەوە رایگەیاند "ناسنامەی بکوژەکان لە لای ئێمە ناسراون، دەزانیین ھەرسێکیان کێ بوون، دوای لێکۆڵینەوە لە ئەنجامەکان ئاگادارتان دەکەینەوە، ئەوان ھەرسێکیان خەڵکی ھەولێرن، ئەوان کاتژمێر لای حەوت ھێرشیان کردووەتە سەر پارێزگا و ھەرسێکیان کوژراون".