هەولێر
سەرۆكی پەرلەمانی عێراق لە رێگەی فرۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر گەیشتە هەرێمی كوردستان و لە لایەن سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان یوسف محەممەد پێشوازی لێكرا. دواتر لە فرۆكەخانەوە بەرەو پەرلەمانی كوردستان رۆیشت و لە لایەن سكرتێر و بەشێك ئەندامانی پەرلەمانی كوردستان پێشوازیان لێكرا.
لە پەرلەمانی كوردستان كۆبونەوەیەك لە نێوان شاندی پەرلەمانی كوردستان و عێراق ئەنجام درا كە زیاتر پەیوەندی بە كێشەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی ناوەندی عێراق بوو.
چەند پەرلەمانتارێك بایكۆتی ئەم دانیشتنەیان كرد و پێشوازیكردن لە سەرۆكی پەرلەمانی عێراق یان بە ڕەوا نەزانی.
لەو بارەوە شوان قەڵادزەیی، هۆكاری ئەو بایكۆتەیان بۆ ئەوە گەراندنەوە كە بەغدا بە گەمارۆ ئابوورییەكەی كە خستویەتە سەر هەرێمی كوردستان كێشەی زۆری دروست كردووە و تەنانەت لە ئاستی كۆمەڵایەتی. هەر بۆیەش قەڵادزەیی پێی وابوو كە ئەوە هەڵوێستێك بوو كە دژی رەوانەنەكردنی موژە و بودجەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان نواندمان.ئەو ئەندامەی پەرلەمانی كوردستان جەختی لەوە كردەوە كە پێویستە حكومەتیش لەو بارەوە هەڵوێستی توندتر بێت.
دوای كۆبونەوەی نێوان سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و پەرلەمانی كوردستان، كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی هاوبەش بۆ دوو لایەن رێكخرا كە تیایدا یوسف محەمەد گوتی: "هەر دوو لامان هاودەنگین لەسەر چارەسەری كێشەكان و ئەو پڕۆژە یاسایانەی كە لە نێوانمان بە ناڕونی و ناتەواوی ماوەتەوە یەكلا بكرێتەوە.
سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان پێی وابوو كە ئەو گرفتانەی لە عێراق هەیە كاریگەریی بووە لەسەر ئەو كێشانەی لە نێوانماندا هەیە و هۆكاری كۆی ئەو گرفتانەشی بۆ سیستەمی دەسەڵاتدارێتی لە عێراق گەراندووە و رایگەیاند: پێویستە سیستەمی حوكمڕانی عێراق بە شێوازی نوێ بەڕێوەببردرێت.
یوسف محەمەد گوتیشی: "لە كۆبونەوەكەدا باسمان لە رەوشی پەنابەرانیش كرد و پێمان وایە ئەوانە میوانی ئێمەن و تا بتوانین یارمەتیان دەدەین، بەڵام ئەوە لە توانی ئێمەدا نییە و حكومەتی ناوەندی دەبێ لەو بارەوە هەنگاوی پێویست بنێ."
لە كۆبونەوەكەدا هەورەها باس لە چۆنیەتی هەماهەنگی و مەشقپێكردنی هێزەكانی پێشممەرگەی كوردستان كراوە و بە پێی گوتەكانی یوسف محەمەد هەر دوو لایەن هاوڕابوون لەسەر ئەوە پێشمەرگە توانیویانە ئاسایشی بۆ زۆریەك لە ناوچەكانی عێراق بگێرنەوە و ئەو بۆشایەی پڕكردۆتەوە كە سوپای عێراق بەجێیان هێشتووە.
لە كۆبوونەوەكەدا هەروەها باس لە بودجە و موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان كراوە و دوو لایەن پێیان وابوو كە ناكرێ قوتی خەڵك وەكوو سزای سیالسی بەكاربهێنرێ و دانوستانیش لەسەر ئەو بنەمایە بكرێ.
دوولایەنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و پەرلەمانی كورستان هاوڕابوون لەسەر ئەو رێگە نەدرێ كێشەكانی هەرێمی كوردستان و بەغدا درزێكی گەورەی كۆمەڵایەتی نێوان گەلانی عێراق دروست بكات.
سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقیش گوتی: "ئێمە هاتووین بۆ ئەوی پرسە جیاوازەكانی نێوانی هەر دوو لامان تاوتوێ بكەین و بەڵێنیش دەدەین كە ئەو كێشانە چارەسەر ببن."
سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق گوتیشی: "بەڵێن دەدەین كە ئەو رێككەوتنامانە جێبەجێ بكەین كە لە نێوان هەرێم و بەغدادا هەیە و هاتنەوەی كورد بۆ بەغدا و بەشداری لە حكومەت بە پێویست دەزانین."
سەلیم جبووری سوپاسی هێزەكانی پێشمەرگەی كرد لە بەرامبەر بەرەنگاربوونەوەی داعش و ئەو رێكخراوەشی بە هەڕەشەیك بۆ سەر هەموو لایەنەكان لە قەڵەمدا بە كەمینە نەتەوەیەكانیشەوە و بە پێویستی زانی ئەوانیش لە بەڕێوەبردنی وڵات بەشداربن.
جبووری سوپای حكومەتی هەرێمیش كرد بۆ وەرگرتنی ئەو ئاوارانەی كە روویان لە هەرێم كردووە.