هه‌ولێر
رۆژی سێ شه‌ممه له بنكه‌ی میره‌ی سه‌ربازی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ی هه‌رێمی كوردستان، نوێنه‌ری وڵاتی كه‌نه‌دا هاوكاری سه‌ربازی وڵاته‌كه‌ی راده‌ستی كاربه‌ده‌ستانی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه كرد.
له‌و رێوڕه‌سمه‌دا له شاندی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه وه‌زیری پێشمه‌رگه مسته‌فا سه‌ید قادر و بریكاری وه‌زاره‌ت ئه‌نوه‌ر حاجی عوسمان و ئه‌مینداری گشتی جه‌بار یاوه‌ر و ژماره‌یه‌ك له گه‌وره ئه‌فسه‌رانی وه‌زاره‌تی به‌شدار بوون.
له‌لایه‌ن شاندی وڵاتی كه‌نه‌دیش باڵیۆزی كه‌نه‌دا له عێراق بڕۆنۆ ساكۆماتی و مولحه‌قی سه‌ربازی ئه‌و وڵاته له عێراق ئاماده‌ی رێوڕه‌سمه‌كه بوون.
به‌پێی راگهیەنراوی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ی هه‌رێمی كوردستان، دوای كۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ باڵیۆزی كه‌نه‌دا له عێراق وه‌زیری پێشمه‌رگه هاوكاری سه‌ربازیی كه‌نه‌دای راده‌ستی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه كراوه.
هاوكارییه‌كانی وڵاتی كه‌نه‌دا بریتین له‌ژماره‌یه‌ك رۆبۆتی هه‌ڵگرتنه‌وه‌ی مین و ته‌قه‌مه‌نی و جلوبه‌رگ و ئوتۆمبێلی سه‌ربازی كه ئه‌و وڵاته وه‌ك هاوكارییه‌ك ره‌وانه‌ی هه‌رێمی كوردستانی كردووه".
له‌لای خۆیه‌وه وه‌زیری پێشمه‌رگه‌ی هه‌رێمی كوردستان مسته‌فا سه‌ید قادر رایگه‌یاند "سوپاسی حكوومه‌تی كه‌نه‌دا ده‌كه‌ین، بۆ هاوكارییه‌کانی سه‌ربازیی كه له چوارچێوه‌ی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تیدا، وه‌ك وڵاتێكی چالاك بڕیاری یارمەتی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ی داوه. له ماوه‌ی رابردوودا كه‌نه‌دا توانیویه‌تی له رێی چه‌ند گه‌شتێكی ئاسمانییه‌وه هاوكارییه‌كانی بگه‌یه‌نێته هه‌ولێر".
سه‌باره‌ت به‌و هاوكارییه سه‌ربازیانه‌ی كه له ئێستادا وڵاتی كه‌نه‌دا ره‌وانه‌ی هه‌رێمی كوردستانی كردووه.
وه‌زیری پێشمه‌رگه گوتی: "له هاوكاری ئه‌مجاره‌ی وڵاتی كه‌نه‌دا ژماره‌یه‌ك رۆبۆتی ناردوه، ئه‌م رۆبۆتانه هاوكارێكی باشی تیمه‌كانی هه‌ڵگرتنه‌وه‌ی مین ده‌بن له‌و ناوچانه‌ی كه ده‌كه‌ونه ده‌ست هێزه‌كانی پێشمه‌رگه".
مسته‌فا سه‌ید قادر گوتیشی "هاتنی ئه‌و رۆبۆتانه ده‌بنه هۆی ئه‌وه‌ی كه پرۆسه‌ی گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاواره‌كان بۆ زێدی خۆیان خێراتر بێت بۆیه هیوادارین وڵاتی كه‌نه‌دا له‌و هاوكاریانه‌ی هه‌رێمی كوردستان به‌رده‌وام بێت".
له‌لای خۆیه‌وه باڵیۆزی كه‌نه‌دا له عێراق، بڕۆنۆ ساكۆماتی گوتی "له‌م قۆناغه كه‌نه‌دا بڕێكی دیاریكراو هاوكاری له ته‌قه‌مه‌نی و ئۆتۆمبێل و رۆبۆتی هه‌ڵگرتنه‌وه‌ی مین و جلوبه‌رگ و خوده و هێله‌گی گولله‌نه‌بڕی بۆ هێزه‌كانی پێشمه‌رگه ته‌رخان كردووه، بێگومان به‌شێك له‌و هاوكاریانه پێشتر له رێی گه‌شتی ئاسمانی فڕۆكه‌کانی سهربازییهوە گه‌یشتووه‌ته هه‌ولێر".
بڕۆنۆ ساكۆماتی گوتیشی "له هاوكارییه‌کانی سه‌ربازیی ئه‌مجاره به‌خۆشحاڵییه‌وه رۆبۆتی هه‌ڵگره‌وه‌ی مین و ته‌قه‌مه‌نی كه به‌لای ئێمه‌وه بۆ شه‌ڕی دژی داعش و بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی پلانه‌كانی ئه‌و رێكخراوه تیرۆریستییه زۆر چالاك و به‌سوود ده‌بێت بۆ هێزه‌كانی پێشمه‌رگه و ده‌توانێت گیانی زۆرێك له پێشمه‌رگه و هاووڵاتییان له به‌ره‌كانی جه‌نگ بپارێزێت".
له‌كۆتای قسه‌كانی باڵیۆزی كه‌نه‌دا له عێراق بڕۆنۆ ساكۆماتی گوتی "وڵاته‌كه‌مان له هاوكارییه‌کانی سه‌ربازیی به‌رده‌وام ده‌بێت و له ئاینده‌یه‌كی نزیك موژده‌ی خۆشتر راده‌گه‌یه‌نین".