هەولێر
سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان دكتۆر فوئاد حوسێن لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "كورد مافی ئەوەی هەیە بۆ خۆی بڕیار لەسەر چارەنووسی خۆی بدات، ئەمە مافی كوردە و كورد بۆ خۆی دەزانێت چۆنە بڕیار بدات و كورد گرێدراوی بژاردە ئازادانەكانی خۆیەتی، كاتێك كە باس لە مافی چارەنووس دەكەم مەبەستیشمان دەوڵەتی كوردییە ولەو بارەوە تەنیا گەلی كورد دەتوانێت بڕیار بدات".
سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان لە بارەی رێفراندۆمەوە كە وەكو هەنگاوێكی سەربەخۆیی لە قەڵەم دەدرێت گوتی: "كاتێك باس لە سەربەخۆیی دەكەی پێویستە بزانی خەڵك لەو بارەوە چی دەڵێت و ئەمەیش تەنیا لە رێگای رێفراندۆمەوە دەبێت، خەڵك بەشداری لە رێفراندۆم دەكات و دەنگ بە بژاردەی خۆی دەدات و رێفراندۆمیش بەشێكە لە مافی دەستنیشان كردنی چارەنووس".
لە بارەی ئەو قسانەوە كە باس لەوە دەكەن گوایا وەزیری دەرەوەی ئەمریكا جۆن كیری سەرۆكی هەرێمی كوردستان مەسعود بارزانی رازی كردووە بەوەی تا راگەیاندنی سەربەخۆیی دوا بخات فوئاد حوسێن گوتی: "من گوێم لە لێدوانێكی بەو جۆرەی كیری نەبووە، بەڵام گەلی كورد هەركات لە رێفراندۆمدا دەنگیدا، ئەوا ئەوەی پێویست بێت جێبەجێ دەكرێت، مانای ئەوەیە كە لەو بارەوە تەنیا گەلی كورد دەتوانێت بڕیار بدات و ئەو بڕیارە بەدەستی هیچ كەس و لایەنێكی دیكەوە نییە".
فوئاد حوسێن گوتیشی: "بۆ سەربەخۆی چەندین شەرت و مەرج هەن و لە بارن بەڵام بۆ راگەیاندنی سەربەخۆیی پێویستە چەند قۆناغێك تێبپەڕینرێت و ئەو جۆرە قۆناغانە راستەوخۆ پەیوەندییان بە رەوشی سیاسی، سەربازیی و ئابورییەوە هەیە و پێویستە دەوڵەتانی دەراوسێ و جیهانیش ئاگادار بن و پێویستە هەموو پێشهاتەكان لە رێگای دیالۆگەوە بەرەو پێشەوە ببرن. پێویستە لەگەڵ بەغدادا رێككەوتن بكرێت. ئەمە پرسێك نییە كە بەچەك چارەسەر بكرێت، بۆیە پێویستە چۆن دەبێت با بێت لەگەڵ بەغدادا لەو بارەو گفتوگۆ بكرێت، چونكە ئێمە بەشدارین لە حكوومەتی بەغدا و هێشتا پارچەیەكین لە عێراق".
هەر لەو بارەیەوە دكتۆر عەزیز بارزانی مامۆستای بەشی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكانی زانكۆی سەلاحەدین گوتی: "هیوای كورد بە سەربەخۆیی هەمیشە گەشە و گەش دەبێت، بەڵام هێرشەكانی داعش بۆ سەر كوردستان بوون هۆی ئەوەی كە پلانی ئەنجامدانی رێفراندۆم بخرێتە پلەی دووەمەوە چونكە پلەی یەكەم شەڕی دژی تیرۆریستانە".
بارزانی گوتی: "پرسی راگەیاندنی سەربەخۆیی گرێدراوی پەیوەندییەكان لەگەڵ بەغدا و هەڵومەرجی هەرێمی و نێودەوڵەتییە، بێگۆمان گفتوگۆ كردن لەسەر ئەو پرسە ئاسانە بەڵام بڕیاردان و جێبەجێكردنی بڕیارەكان لەو بارەوە زەحمەتە، بۆیە بڕیاری سیاسی لە بارەی سەربەخۆیی كوردستانەوە تا هەڵومەرجی سەربازیی و ئابووریی لە بار نەبن جێبەجێ ناكرێت و پێویستە خەڵك بۆ ئەو مەبەستە ئامادە بێت".
عەزیز بارزانی لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا گوتی: "دوای داگیركردنی موسڵ لە لایەن تیرۆریستانی داعشەوە كەس ناتوانێت وەكو رابردوو باس لە عێراقی پێشوو بكات، وەكو ئەوەی نێچیرڤان بارزانی گوتی دوو عێراق هەیە، عێراقی پێش موسل َو عێراقی دوای موسڵ، من باوەر ناكەم كە لە عێراقی دوای موسڵ عەرەبە سوننەكان بیانەوێ لەگەڵ شیعەكاندا بژین بۆیە لەو چوارچێوەیەدا رزگار كردنی موسڵ زۆر گرنگە رەنگە بتوانرێت تیرۆریستان لە موسڵ دەربكرن بەڵام ئەی چی لە شەڕی سوننە و شیعە دەكرێت؟ لە عێراقێكدا كە عەرەبی سوننە و شیعە نەیانەوێ پێكەوە بن، بۆ كورد گرێدراوی ئەو عێراقە بێت؟ لە كۆتاییداعێراق دابەشی سێ پارچە دەبێت، جا ئەمە سێ فیدراسیۆن دەبێت یا سێ كۆنفدراسیۆن تێپەڕبوونی كات نیشان دەدات، بۆیە كورد لە داهاتوودا زیاتر هەوڵ بۆ ئامادەكاری بۆ راگەیاندنی سەربەخۆیی دەدات".
پەرلەمانتاری توركمان ئایدین مەعروف لەو بارەیەوە گوتی: "لە ساڵی 1991 بەدواوە كورد لە خەیاڵًی دەوڵەتی سەربەخۆ دایە بەڵام بۆ ئەوە مەبەستە پێویستە ئابوورییەكی بەهێزتر هەبێت و دراوسێ كانت رازی بكەی بەڵام هێشتا ئەو فاكتەرانە بە دێ نەهاتوونە".
لە وەڵامی پرسیارێكدا كە لە ئەگەری راگەیاندنی دەوڵەتی كوردیدا هەڵوێستی توركمانەكان چی دەبێت مەعروف گوتی: "توركمانەكان لە عێراق فاكتەرێكی گرنگن و پێكەوەژیان لە عێراق بژاردەی توركمانەكانە بەڵام ئەگەر بێتۆ عێراق دابەش ببێت و ئەگەر لایەنی كوردی مافی توركمانەكان گەرەنتی بكات ئەوا پشتگیری لەو پێكهاتە سیاسییە دەكەین. بەڵام ئەگەر بێتۆ ئەو پێكهاتە سیاسییە مافی توركمانەكان پێشێل بكات ئەوا ئێمە پشتگیری لێوە ناكەین".