Zana Natık Kerem
16 تەمووز 2017•نوێکردنەوە: 17 تەمووز 2017
بەغدا ــ AA
هەواڵگری عێراق رایگەیاند كە هێشتا سەركردەی رێكخراوی داعش، ئەبو بەكر بەغدادی زیندووە و ئەو دەنگۆیانەش كە باس لە كوژرانی دەكەن راست نییە.
بەڕێوەبەری گشتی هەواڵگری و بەرنگاربوونەوەی تیرۆر لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق، ئەبو عەلی بەسری بە رۆژنامەی سەباحی نیمچە فەرمی راگەیاندووە كە هێشتا ئەبو بەكر بەغدادی زیندووە و لە حەشارگەیەكی دەرەوەی شاری رەققە لە سووریا خۆی حەشارداوە.
لە حوزەیرانی رابردوودا، وەزارەتی بەرگری رووسیا رایگەیاندبوو كە پێشبینی دەكرێت ئەبو بەكر بەغدادی بە هۆی هێرشێكی ئاسمانی لە دەورووبەری شاری رەققە لە سووریا، كوژرا بێت.
ئەبو عەلی بەسری ئاماژەی بەوەشدا كە هێشتا ئەبو بەكر بەغدادی لە دەرەوەی شاری رەققە لە سووریا خۆی حەشار داوە.
بەڕێوەبەری گشتی هەواڵگری و رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق گوتیشی: "بە پێی شانەكانی سیخووری و زانیارییە وەردەكان كە لەسەر جموجۆڵەكانی ئەبو بەكر بەغدادی بەدەستمان گەیشتووە، هەواڵی كوژرانی ئەبو بەكر بەغدادی رەت دەكەینەوە كە بەم دواییانە لە میدیاكاندا بڵاوبوویەوە".
سەركردەی رێكخراوی داعش، ئەبو بەكر بەغدادی كە تەمەنی ٤٦ ساڵە و بە رەگەز عێراقییە ناوی راستەقینەی ئیبراهیم سامەڕائی-یە و دوای دوو ساڵ لە كوژرانی سەركردەی پێشووی قاعیدە، ئوسامە بن لادن و لە ساڵی ٢٠١٣دا لە رێكخراوی قاعیدە جیابووەیەوە.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا بڕی ٢٥ میلۆن دۆلاری وەك خەڵات بۆ هەر كەسێک دیاری كردووە كە زانیاری پێشكەش بكات و ببێتە هۆی دەستگیركردنی ئەبو بەكر بەغدادی.