Hemn Baban
31 تشرینی یەکەم 2018•نوێکردنەوە: 01 تشرینی دووەم 2018
ھەولێر - AA
لە خولی چوارەمی پەرلەمان، ٣٠٩ پڕۆژەیاسا پێشکەشی سەرۆکایەتی پەرلەمان کرا و ١٣١ دانیشتن کرا و ٢٠٦ پڕۆژە خوێندنەوەی یەکەمی بۆ کراوە و ٣١ یاسا پەسەندکراوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە ٣١ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٨، خولی چوارەمی پەرلەمان لە هەرێمی کوردستان کۆتایی دانیشتنەکانی ئەم خولەی راگەیاند کە دانیشتنی کۆتایی بەست و بریتی بوو لە خوێندنەوەی وتاری دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان کە لە لایەن جێگری سەرۆکی پەرلەمان، جەعفەر ئێمنیکی-یەوە خوێندرایەوە.
کۆتا دانیشتی خولی چوارەمی پەرلەمان لە هەرێمی کوردستان لەکاتێکدا ھات دوێنی ئەنجوومەنی دادوەری پەسەندکردنی ئەنجامەکانی ھەڵبژاردنی ٣٠ی ئەیلوولی راگەیاند دوای ئەوەی لە لایەن کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردن و راپرسی رەوانەی کرابوو. لە وتاری سەرۆکایەتی پەرلەمان باسێکی کورتی خولی چوارەم کرا کە پێنج ساڵ بوو و چەندین ئامار لەبارەی چالاکییەکانی خرانە روو.
لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو سەرۆکی فراکسیۆنی بەرەی تورکمانی، ئایدن مەعروف رایگەیاند "ئەمڕۆ دانیشتنی کۆتایی خولی چوارەمی پەرلەمانی کوردستان بوو لەوانەیە لە ھەفتەی داھاتوودا ئەندامانی خولی پێنجەمی پەرلەمانیش سوێندی یاسایی بخۆن، لەو پێنج ساڵەی ئەم خولەی چوارەمە مملانێی سیاسی زۆر توند ھەبوون و کاریگەریی لەسەر رەوشی پەرلەمانیش ھەبووە، ئەم خولە خولێک بوو بەتاڵی بەڕێوەچوو و بەراورد بە خولەکانی تر ململانێی سیاسی کاریگەریی زۆر خراپی لەسەر ھەبوو".
ئایدن مەعروف لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: "لە خولی چوارەمی پەرلەمان، ٣٠٩ پڕۆژەیاسا پێشکەشی سەرۆکایەتی پەرلەمان کراوە و ١٣١ دانیشتن کراوە لەو ماوەیەدا، ٢٠٦ پڕۆژە خوێندنەوەی یەکەمی بۆ کراوە و ١٠٣ پڕۆژەش ماوەتەوە، لەو ماوەیەدا ٣٣ پڕۆژە پەسەندکراوە کە دوانییان لە لایەن سەرۆکایەتی ھەرێمەوە رەتکرایەوە کە یەکێکیان پڕۆژە یاسای خۆپیشاندان بوو، بۆیە ٣١ یاسای پەسەندکراومان ھەیە، لەنێو بڕیار و یاساکان بڕیاری باش ھەبوون، بەڵام بەگشتی داخستنی پەرلەمان و ئەنجامنەدانی کۆبوونەوە لەو ماوەیە کاریگەریی خراپی لەسەر پەرلەمان ھەبوو، ئەوە جگە لە بوونی کێشەی زۆر وەکو قەیرانی دارایی، ھەڕەشەکانی داعش و ئەمانە وایان کرد پەرلەمان وەکو پێویست نەتوانێت کارەکانی خۆی بکات".