Zana Natık Kerem
01 تشرینی دووەم 2018•نوێکردنەوە: 05 تشرینی دووەم 2018
نەینەوا ــ AA
حکوومەتی خۆجێی نەینەوا، دەستیکرد بە پڕۆسەی دووبارە بنیاتنانەوەی ئەو کڵێسانەی کە داعش لە چەند ساڵی رابردوودا لە میانی کۆنتڕۆڵکردنی بۆ شاری مووسڵ رووخاندبوونی.
لە راگەیەندراوێکدا کە کۆپییەکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو نێردراوە، پارێزگاری نەینەوا، نەوفل عاگوب رایگەیاندووە "لەگەڵ گەڕانەوەی ئاوارە مەسیحییەکان بۆ ناوچەکانیان لە بەشی راستی مووسڵ، حکوومەتی خۆجێی بە ئاراستەی بنیاتنانەوەی دەیان کڵێسا کە لە لایەن تیرۆریستانی داعشەوە رووخێندراون، ھەنگاو دەنێت".
نەوفل عاگوب ئاماژەی بەوەشداوە کە دەستەکانی ئەندازیاری لە دیوانی پارێزگای نەینەوا و شارەوانییەکان دەست دەکەن بە بنیتانانەوەی کڵێسای "ئەلتاھرە" کە بە کۆنترین و گەورەترین کڵێسای مووسڵ دادەنرێت و لە لایەن داعشەوە تەقێندراوەتەوە.
لای خۆیەوە سەرۆکی فراکسیۆنی رافیدێن-ی مەسیحی، یونادم کەننا بە ئاژانسی ئانادۆڵوی رایگەیاند، داعش لە میانی کۆنتڕۆڵکردنی شاری مووسڵ، ١٥ کڵێسای لە ھەردوو بەشی چەپ و راستی شارەکە تەقاندووەتەوە.
بە گوتەی یونادم کەننا لە تەواوی سنووری پارێزگای نەینەوا، ٤٠ کڵێسا لە لایەن داعشەوە رووخێندراون.
لە میانی کۆنتڕۆڵکردنی شاری مووسڵ و ناوچەکانی پارێزگای نەینەوا لە ساڵی ٢٠١٤ لە لایەن داعشەوە، مەسیحییەکان ماڵوحاڵی خۆیان لەو ناوچانە جێھشت و ئاوارەبوون.