Hemn Baban
19 تشرینی یەکەم 2015•نوێکردنەوە: 20 تشرینی یەکەم 2015
هەولێر
ئەحمەد كانی بۆ ئانادۆڵو دەڵێت پارتی لەبارەی حكوومەتەوە هەر شتێك بكات بە راوێژ لەگەڵ لایەنەكان دەیكات.
نیوەڕۆی ئەمڕۆ یەكشەممە شاندێكی بزووتنەوەی ئیسلامی لە كوردستانی عێراق بە سەرۆكایەتی ئەندامی مەكتەبی سیاسی كامیل حاجی عەلی و ئەندامێتی هەریەك لە ئەندامانی مەكتەبی سیاسیی حزبەكە عەبدوڵا وەرتێ و ئەحمەد گەرمیانی سەردانی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستانییان لە شارۆچكەی پیرمام كرد و لەلایەن هەریەك لە سكرتێری مەكتەبی سیاسی پارتی فازل میرانی و ئەندامانی مەكتەبی سیاسیی ئەو حزبە مەحموود محەمەد و ئازاد بەرواری و ئەندامی سەركردایەتی ئەحمەد كانی یەوە پێشوازی كران.
گوتەبێژی مەكتەبی سیاسیی بزووتنەوەی ئیسلامی و ئەندامی شاندەكە عەبدوڵا پێشتر لە لێدوانێكدا پێش كۆبوونەوەكە ناوەڕۆكی ئەو كۆبوونەوەیەیان لەگەڵ پارتی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو ئاشكرا كرد و گوتی: "ئێمە هەوڵێكی نێوانگیرییمان دەست پێكردووە بۆ كۆتایهێنان بەو بارودۆخە ئاڵۆزە و ناكۆكییە سیاسییەی لەنێوان لایەنەكاندا دروستبووە و ئامانجمان ئەوەیە بگەینە چارەسەر بۆ دەربازكردنی هەرێمەكەمان لەم دۆخە".
گوتیشی" ئێمە لە 11ی ئەم مانگەوە دەستمان بەسەردانی لایەنەكان كردووە و سەرەتا ئەو رۆژە لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان لە سلێمانی و رۆژی 12ی مانگیش لەگەڵ هەریەك لە یەكێتی نیشتمانی و ئەنجوومەنی سەركردایەتی پارتی كۆبووینەوە و دەمانەوێ ببینە هۆكارێك بۆ گەیشتنی ئەو لایەنانە بە دانوستان و گفتوگۆكردن و چارەسەركردنی كێشەكانییان".
پاش تەواوبوونی كۆبوونەوەكەی پارتی دیموكراتی كوردستان و بزووتنەوەی ئیسلامی كە خاوەنی كورسییەكە لە پەرلەمانی هەرێم و چەند جارێك بەرپرسانی ئەو حزبە هۆشدارییان داوەتە پێنج لایەنە سەرەكییەكەی هەرێم لە ئەگەری گەڕانەوە بۆ دوو ئیدارەیی و سەرهەڵدانی شەڕی ناوخۆ بەهۆی ململانێكانییانەوە ئەندامی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان ئەحمەد كانی لە لێدوانێكدا بۆ راگەیاندنەكان گوتی ئەمڕۆ بە گرنگییەوە پێشوازییان لە شاندی بزووتنەوەی ئیسلامی كوردستان كرد و دەستخۆشییان لەو هەوڵانەی ئەوان كردووە كە دەیانەوێت بگەین بە چارەسەر بۆ ئەو دۆخە ئاڵۆزەی هەیە بەتایبەت لە ناوچەكانی سلێمانی و پشدەر و گەرمیان.
گوتیشی: "دەرگای پارتی كراوەیە و هاوكاریشە لە هەموو لایەك بۆ ئەوەی جارێكی تر ئارامی بگەڕێتەوە بۆ هەرێمی كوردستان بەتایبەت لەو ناوچانەی كە ئاماژەیان بۆ كرا، ئێمە هەموو هەوڵێك دەدەین بۆ ئەوەی ئارامی و ئاسایش بپارێزین و لەرێگەی حكوومەتیشەوە هەموو هەوڵێك دەدەین كە خەڵكانێك دوور لە توندوتیژی داوایان لە خۆپیشاندانەكاندا داوایان كردبوو".
كانی لە درێژەی لێدوانەكەیدا روونی كردەوە، "ئایندەی كوردستان تەنها پەیوەست نییە بەو پێنج لایەنەی هەیە و حزب و نەتەوە و پێكهاتەی دیكە هەیە، بزووتنەوەی ئیسلامی داوای كۆبوونەوەی پێنج قۆڵی نەكردووە، بەڵكو داوایان كردووە هەموو حزبەكان پێكەوە دابنیشین و گفتوگۆ لەسەر پرسەكان بكەین".
ئاماژەی بۆ ئەوە كرد كە هێشتا هیچ كۆبوونەوەیەكی پارتی و گۆڕان لە ئارادا نییە، لە وەڵامی پرسیارێك لەبارەی گەڕانەوەی سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان یوسف محەمەد سادق گوتی: "ئەو وەكو پەرلەمانتار دەتوانێت بێتەوە، مافی خۆیەتی وەكو پەرلەمانتار بگەڕێتەوە، بەڵام كە بووەتە پەرلەمانتار ئەگەر پارتی دیموكراتی رێككەوتنی سیاسی لەگەڵ گۆڕان نەبایە و پارتی دەنگی بە یوسف محەمەد نەدابا نەدەبووە سەرۆكی پەرلەمان، حەز ئەكەم بزانن كە برادەرانی یەكێتی دەنگیان بە یوسف محەمەد نەداوە بۆ ئەوەی ببێتە سەرۆكی پەرلەمان".
لە وەڵامی پرسیارێكی پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵوش لەبارەی ئایندەی كابینەی هەشتەم گوتی: "پارتی دیموكراتی كوردستان هەر شتێك لەبارەی حكوومەتەوە بكات بە راوێژ لەگەڵ حزبە سیاسییەكانی كوردستان دەیكات".