Hawkar Yaseen
27 ئاب 2020•نوێکردنەوە: 27 ئاب 2020
وەزیری بەرگریی فەڕەنسا فلۆرانس پارلی لەرێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێرەوە گەیشتە هەولێر و لەلایەن وەزیری پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان، شۆڕش ئیسماعیل و سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان فەوزی هەریری و بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەفین دزەیی پیشوازی لێکرا.
فلۆرانس پارلی لە هەولێر لەگەڵ هەریەک لە سەرۆکی هەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی و سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان مەسرور بارزانی کۆدەبێتەوە، بڕیاریشە سەردانی راهێنەر و راوێژکارە سەربازییەکانی فەڕەنسا بکات کە لەهەرێمی کوردستاندان.
بەپێی زانیارییەکانی ئاژانسی ئانادۆڵو وەزیری بەرگری فەڕەنسا لە هەولێر لە دیدار و کۆبوونەوەکانیدا گفتوگۆ لەبارەی ئەو بابەتانە دەکات، کە وەزیری دەرەوەی فەرەنسا جان ئیڤ لودریان، پێشتر لەماوەی سەردانەکەیدا لەگەڵ بەرپرسانی عێراق و هەرێمی کوردستان تاوتوێی کردبوون، لەوانە پرسی رووبەڕووبوونەوەی داعش و بەردەوامی هاوکارییەکانی فەڕەنسا لە رووبەڕووبوونەوەکانی تیرۆر و بارودۆخی ناوچەکە.
بڕیاریشە دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی هاوبەشیان هەبێت و ئەجێندای سەردانەکەی بۆ بەغدا و هەولێر بخاتە روو.
فەڕەنسا لە عێراق و هەرێمی کوردستان ئێستا نزیکەی ٢٠٠ راهێنەری سەربازیی هەیە و دوای دیدارە فەرمییەکانی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان، فلۆرانس پارلی بڕیارە سەردانی ئەوانیش بکات.
ئێوارەی دوێنێ وەزیری بەرگریی فەڕەنسا، فلۆرانس پارلی بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە بەغدای پایتەختی عێراق و ئەمڕۆ 27ی ئاب لەگەڵ هەریەک لە سەرکۆماری عێراق و سەرۆکوەزیران و وەزیری بەرگری عێراق کۆبوویەوە و لە هەولێریش لەگەڵ بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە.
لە ماوەی شەش هەفتەی رابردوودا، ئەمە دووەمین وەزیری فەڕەنسییە سەردانی عێراق و هەرێمی کوردستان بکات، مانگی تەمووزی ساڵی رابردووش سەرۆکایەتی فەڕەنسا بڵاویکردەوە، لە چەند مانگێکی نزیکدا سەرۆکی فەڕەنسا ئیمانوێل ماکرۆن سەردانی عێراق دەکات، سەرچاوەیەکیش لە وەزارەتی دەرەوەی عێراق بۆ میدیا عێراقییەکان ئەوەی درکاندووە سەردانەکەی ماکرۆن بۆ عێراق هەفتەی داهاتوو دەبێت.