Hawkar Yaseen
27 ئاب 2020•نوێکردنەوە: 27 ئاب 2020
هەولێر AA
وەزیری دەرەوەی سعوودیە، فەیسەڵ بن فەرحان ئال سعوود بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە بەغدا پایتەختی عێراق.
بەپێی زانیارییەکانی ئاژانسی ئانادۆڵو، فەیسەڵ بن فەرحان ئال سعوود لە میانی سەردانەکەیدا بۆ بەغدا جگە لە کۆبوونەوەی لەگەڵ هاوتا عێراقییەکەی فوئاد حوسێن، بڕیارە لەگەڵ هەریەک لە سەرکۆماری عێراق، بەرهەم ساڵح و سەرۆکوەزیران مستەفا کازمی و سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران، محەمەد حەلبوسی کۆببێتەوە.
وەزیری دەرەوەی سعوودیە لە میانی کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی عێراق پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان هەردوو وڵات بەتایبەت لە بوارەکانی سیاسیی، ئاسایش و ئابووری تاوتوێ دەکات.
سەردانەکەی وەزیری دەرەوەی سعوویە بۆ عێراق هاوکاتە لەگەڵ ئامادەکارییەکانی سەردانی سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی بۆ سعوویە کە بڕیاربوو ناوەڕاستی مانگی رابردوو وەک یەکەم وڵات دوای دەستبەکاربوونی لە پۆستی سەرۆکوەزیران سەردانی بکات، بەڵام بەهۆی نەخۆشکەوتنی شای سعوودیە، سەلمان بن عەبدولعەزیز سەردانەکەی کازمی بۆ ریاز دواخرا.
سەردانی وەزیری دەرەوەی سعوودیە بۆ بەغدا هاوکاتە لەگەڵ سەردانی وەزیری بەرگریی فەڕەنسا بۆ عێراق کە ئێوارەی دوێنێ بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە بەغدای پایتەخت و ئەمڕۆ دیدار و کۆبوونەوەکانی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە دەست پێ کرد.