ھەولێر
گوتەبێژی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان لە روونکردنەوەیەکدا، کە وێنەیەکی دەست ئاژانسی ئانادۆڵو کەوتووە، پەیەدە و "باڵێکی توندڕەو" نێو پەکەکە بە پڕوپاگەندەکردن دژی پارتی لەبارەی "کۆنگرەی نەتەوەیی و پرۆسەی ئاشتیی لە باکوور و بارودۆخی ڕۆژئاوای کوردستان" تۆمەتبار دەکا و جەخت لەوە دەکا پەیەدە بەئاراستەی سیاسەتی "حزبی سەرکردە" رەفتار دەکا.
لە روونکردنەوەکەدا ھاتووە: "ماوەیەکە لەنێو میدیا و ڕاگەیاندنەکاندا ھەندێ بەرپرسی سەر بە باڵە توندڕۆیەکەی پەکەکە و پەیەدە کەوتوونەتە بەخشینەوەی تۆمەتی بێ بنەما لە دژی پارتی دیموکراتی کوردستان و لێدوانی بێسەروبەر لەبارەی کۆنگرەی نەتەوەیی و پرۆسەی ئاشتیی لە باکوور و لە ھەوڵی ئەوەدان ڕاستیی بارودۆخی ڕۆژائاوای کوردستان لەبەر چاوی خەڵک بشێوێنن."
ھەروەھا جەخت لەوە دەکا پارتی "ھەر لە سەرەتای ڕووداوەکانی سوریاوە تا ئەمڕۆ لە بەرامبەر دۆزی ڕەوای کورد لە ڕۆژئاوا ھەڵوێستێکی نەتەوایەتی، کوردستانی، دیموکراسی و مرۆڤدۆستانەی نواندووە و لەسەر ئاستی ھەرێم و ناوچەکە و جیھاندا بە ھەموو کەناڵەکانی سیاسی، دیبلۆماسی، میدیایی و، بە شێوازی فەرمی و نافەرمییەوە پشتگیریی خۆی بۆ ھاوکاری و یەکخستنی گوتاری کوردی ڕۆژئاوا دووپات کردۆتەوە" و لەمەودوایش ھەرچی لەتوانایدا بێ بۆ پشتگیریی کوردانی رۆژئاوا دەیکا.
ھەروەھا رەخنە لە پەیەدە دەگرێ بەوەی: "لەم دواییانە زیاتر بە ئاڕاستەیەکی تاکڕەوی و سەپاندنی سیاسەتی(الحزب القائد)، ھاوشێوەی حزبە توتالیتاریەکان، پڕوپاگەندەیەکی بێ بایەخ بڵاودەکاتەوە کە بە پشتیوانیی ڕاستەوخۆی کەسانێکی دیاری نێو سەرکردایەتی (پەکەکە)وە ئەنجام دەدرێن."
ھەروەھا باڵێکی نێو پەکەکە بە "باڵە توندڕۆیەکەی پەکەکە" ناوی دەبا، تۆمەتبار دەکا بەوەی "دەست لەکاروباری ڕۆژئاوا وەردەدات و بە سەفەقاتی گوماناوی دەیەوێ لەڕێگەی باڵەکەی خۆیەوە کە پەیەدەیە ئەجێندای تر پیادە بکات و ھەموو ھەوڵێک بۆ یەکدەنگی و ھاوکاریی لایەنە کوردییەکان پەک دەخەن".
جەختیش دەکا لەوەی "رۆژئاوا بە تەنیا موڵکی حزبێک نییە و ڕێکەوتنی ھەولێر چوارچێوەیەکی گونجاوە بۆ بەرقەرارکردنی کۆدەنگیی نیشتمانی، بۆیە پێویستە ئەو ڕێکەوتنە ببێتە مەرجەعیەت بۆ گشت ھێزەکانی ڕۆژئاوا کە پارتیمان ھەموو پشتیوانییەک لەو مەرجەعیەتە دەکات".
سەبارەت بە کۆنگرەی نەتەوەییش روونکردنەوەکەی گوتەبێژی مەکتەبی سیاسیی پارتی جەخت لەوە دەکا پێویستە کۆنگرە "لەسەر بنەمای متمانە و تەبایی و کۆدەنگیی ھێزە سیاسییەکانی کوردستان ببەسترێت، بۆیە دەبێت ھەموو لایەنە سیاسییەکان ئەو ڕاستییە بزانن کە کۆنگرەی نەتەوەیی بە مەرجی پێشوەختە نابەسترێت. عەقڵییەتی سەپاندنی مەرج خۆی لە خۆیدا دروستکردنی کێشەیە بۆ کۆنگرەی نەتەوەیی.. پێویستیشە نوێنەرانی کۆنگرە، نوێنەرانی گەلی کورد بن، نەک تەنھا نوێنەری حزبەکان بن.".
ھەروەھا پێی وایە ئامانج لە بەرپاکردنی شەڕی راگەیاندن لە دژی پارتی لەم کاتوساتەدا لێی تێکدانی کۆدەنگیی نیشتیمانی و ھەوڵدانە بۆ دروستکردنی کۆسپ و تەگەرە لەبەردەم کۆنگرەی نەتەوەییدا."
روونکردنەوەکە ئاماژەی بەوەیش داوە سەردانەکەی سەرۆکی ھەرێم مەسعود بارزانی، کە ھاوکات سەرۆکی پارتیشە، بۆ دیاربەکر، نیشانەی ڕۆڵ و پێگەی بارزانییە لە باکوور و لەنێو پڕۆسەی ئاشتیدا.
روونکردنەوەکە ئاماژە بەوەیش دەکا کە: "ئاشتی زیان بە باڵێکی توندڕەوی ناو (پەکەکە) دەگەیەنێت بۆیە ئەوان ھەموو ھەوڵێک دەدەن بۆ ئەوەی پڕۆسەی ئاشتی لە باکوور سەرنەگرێت".
ھەروەھا نامەکەی سەرۆکی زیندانیکراوی پەکەکە عەبدوڵا ئۆجەلان بۆ بارزانی لەڕێی لەیلا زاناوە بە نیشانەی متمانە و ھاوکاری و ھاودەنگیی نێوان ھەردوو سەرۆک دادەنێ و جەخت لەوە دەکا "ھیچ کەسێکیش بۆی نییە قسە لەو بارەیەوە بکات و ھەوڵ بدات ناوەڕۆکی نامەکان بە ئارەزووی خۆی بشێوێنێ."