Hemn Baban
07 شوبات 2016•نوێکردنەوە: 08 شوبات 2016
پارێزگاری هەولێر نەوزاد هادی دەڵێت دەیانەوێت هاوسەنگییەك لەنێوان نرخ و ئەو سیستەمە نوێیەی پێدانی مووچە دروست بكەن كە حكوومەت رایگەیاندووە.
سەر لە ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە لەبارەی كەمكردنەوەی نرخەكان و بەتایبەت نرخی خانووبەرە پارێزگاری هەولێر نەوزاد هادی كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیی بەست و باسی لە گرتنەبەری رێوشوێنی نوێی كرد بۆ دابەزاندنی نرخی شمەك و كرێی خانوو.
پارێزگاری هەولێر لەوبارەیەوە گوتی: "پاش ئەو وۆركشۆپ و كۆبوونەوەكانی ئەنجوومەنی وەزیران و دوایین بڕیارەكانی كۆبوونەوەكانی ئێمە لە پارێزگای هەولێر ئەمڕۆ دەستی پێ كردووە لەبارەی ئەو قەیرانانەی هەرێمی كوردستان پێیدا تێدەپەڕێت بەتایبەت لەو سیستەمی پاشەكەوتی مووچە كە دەبێت هاوسەنگییەك لەگەڵ نرخەكاندا دروست بكرێت ئەوەش لە رێگەی پێداچوونەوەی هەفتانەی نرخەكان لە بازاڕدا بۆ ئەوەی هیچ نەبێت بارسووكییەك بۆ هاووڵاتییان دروست بكەین ئەوەش بەپێی یاسا و رێنماییەكان".
ئەو لە درێژەدا گوتیشی: "ئەوەی تایبەتە بە بازاڕ لە خۆراكی سەرەكی و پێداویستی رۆژانە جگە لە موەلیدە ئەهلییەكان و كرێی خانوو و بینا كە فەرمانگەی باجمان راسپاردووە بۆ ئەو مەبەستە بۆ ئەوەی سیستەمێك ئامادە بكات لەسەر چۆنێتی پێداچوونەوە بە نرخی كرێ، هەروەها لە مەسەلەی خۆراك هەوڵ دەدەین بۆ ئەوەی جیاوازییەكی كەم لە نێوان تێچوو و نرخ هەبێت".
نەوزاد هادی درێژەشی پێدا و گوتی: "لەگەڵ كەمبوونەوەی داواكارییەكان پێشبینی دەكەین خاوەن موڵكەكان خۆیان نرخەكان داببەزێنن و مەبەستیش ئەوەیە كە ئەوان بۆ خۆیان پێش گرتنەبەری رێوشوێنەكان بکەون".
پارێزگاری هەولێر لەدرێژەی قسەكانیدا بۆ دەزگاكانی راگەیاندن كە ئاژانسی ئانادۆڵوش ئامادەی بوو لە باڵەخانەی پارێزگای هەولێر گوتی: "ئەمڕۆ لە قەیرانێكداین دەبێت هەموومان هاوكار بین، چونكە ئەوە پەیوەندیی بەژیانی هەموو خەڵكەوە هەیە، ئێمە كە نرخ دادەبەزێنین لە قازانج دادەگرین و ئەوەش لە رێگەی لێژنەی جیاوازەوە دەبێت، ئەو كەمكردنەوەی نرخە هەموو بوارەكان دەگرێتەوە".
لەبارەی ئەو شوێنی مەساجەی دوێنێ هەینی لە هەولێر گڕی گرت و 19 كوژراوی لێ كەوتەوە نەوزاد هادی گوتی دەستیان بە لێكۆڵینەوە كردووە و ئەوەی وەكو سەرەتا دەردەكەوێت شوێنەكە بەهۆی كارەباوە گڕی گرتووە و ئەوانەشی گیانیان لەدەست داوە بەهۆی خنكانەوە بووە.
گوتیشی: "زۆرینەی قوربانیان فیلیپینین و باڵیۆزخانەی ئەو وڵاتە لە عێراق لە نێو ئەو لێژنەیەدایە كە لێكۆڵینەوە دەكات".