دیاربەکر
سەرۆکی گشتی پارتی دیموکراتی بەشدار (کادەپ) لوتفی باکسی رایگەیاند: پێویستە لە شوێنی دەستووری میلیتاری تورکیا کە سەرچاوەی سەرەکی پرسی کوردە، دەستوورێکی نوێی سەردەمییانە ودیموکراتی ئامادە بکرێ و ناسنامەی کوردی و ناسنامەی کەمەنەتەوەکانی دیکەش گارانتی بکات.
لە کۆبوونەوەیەکی ھاوبەشی نێوان کۆمەڵەی رۆژنامەنووسانی باشووری رۆژھەڵات، نوێنەری پارتە سیاسییەکان، رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، سەرۆک ھۆز و نوێنەرانی ئاین و ئاینزاکاندا، لوتفی باکسی ووتەیەکی پێشکەشکرد و تێیدا رایگەیاند: پرسی ھەرە گرنگ لە تورکیا پرسی کوردە و گوتی: ھەمو کەس دەزانێت بە دەستووری میلیتارستی ئێستا و سیاسەتی نکۆڵیکردن، پرسی کورد چارەسەر ناکرێ و دەبێ ئەو ھەنگاوانەی لە پرۆسەی کشانەوەدا رێککەوتنیان لەسەر کراوە، جێبەجێ بکرن و ئێمە وەکو پارتی دیموکراتی بەشدار ئامادەی ھەر جۆرە ھاوکارییەکین.
لوتفی باکسی گوتی" بۆ بەردەوامبوونی قۆناغی چارەسەری و رەخساندنی کەشێکی دیموکراسی، دەبێ ھەنگاوی پێویستی یاسایی و دیموکراسی بھاوێژرێن و زمانی کوردیش وەکو زمانی رەسمی قەبووڵ بکرێت.
باکسی باسی یاسای دژە تیرۆر و یاسای سزای تورکیای کرد و گوتی" پێویستە ئەو یاسایانە بگۆڕدرێن و گیراوە سیاسییەکان ئازاد بکرێن و بە ھۆی ئەو سیاسەتە نامرۆڤانەی لە دژی گەلی کورد پەیڕەوکراون، دەبێ داوای لێبووردن لە کورد بکرێ و بۆ ئامادەکردنی دەستوورێکی نوێ و سەردەمییانە ھەوڵەکان چڕبکرنەوە.