تاران
بەپێی ھەواڵێكی ئاژانسی دەنگوباسی رەسمی ئێران (ئیرنا)، وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە محەمەد جەواد زەریف لە میانی كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی ھاوبەشدا لەگەڵ وەزیری دەرەوەی عێراق ئیبراھیم جەعفەری جەختی لەوە كردووەتەوە کە ھەموو خەڵكی عێراق شەڕی "دوژمنی ھاوبەش" دەكات.
وەزیری دەرەوەی عێراق بۆ بەشداری كردن لە كۆنفڕانسی نێودەوڵەتی دژی توندڕەوی کە لە تاران بەستراوە، سەردانی ئەو وڵاتەی كردووە.
زەریف ئاماژەی بەوە كردووە كە ئێران دەیەوێت لەگەڵ وڵاتانی دراوسێیدا پەیوەندی دۆستانە بەرقەرار بكات و گرووپە توندڕەوەكان لە ناوچەكەدا ھەڕەشەن بۆسەر ھەموو خەڵكی ناوچەكە، بۆیە تا ئەو كاتەی شەڕی دژی "تیرۆر و توندڕەوی" كۆتایی پێ دێت، ئێران بەو پەڕی ھێز و توانای خۆیەوە ھاوكاری خەڵكی عێراق دەكات.
لە بەشێكی دیكەی ئەو كۆنگرە رۆژنامەوانییەدا ئیبراھیم جەعفەریش سەرەڕای ئاماژە كردن بە مەترسییەكانی داعش، ھاوكات جەختی لەوە كردووەتەوە كە بۆ شەڕی دژی تیرۆر پێویستیان بە ئێران ھەیە.
بڕیارە نوێنەرانی زیاتر لە ٤٠ وڵاتی جیھان بۆ بەشداری كردن لە كۆنفڕانسی نێودەوڵەتی دژی توندڕەوی و توندوتیژی كە رۆژی ٩ی ئەم مانگە لە تاران دەستپێدەكات و دوو رۆژ دەخایەنێت، سەردانی تاران بكەن و وەزیری دەرەوەی توركیا مەولود چاوشئۆغڵوش ئامادەی ئەو كۆنفڕانسە دەبێت.