سەرۆکی روسیا ڤیلادیمێرپوتین لە میانی بەشداریکردنی لە (کۆڕبەندی میدیا) کە لە لایەن بەرەی خەڵکی روسیا لە شاری مۆسکۆ رێکخرابوو گوتی: "ئەگەر حکومەتی ئۆکرانیا لە بەرامبەر ھاووڵاتییانی خۆی چەک بەکاربێنێ، ئەو دەبێ چاوەڕوانی دەرئەنجامە خراپەکانیشی بکا."
باسی فەرمانی سەرۆکی ئۆکرانیا ئەلیکساندر تورچینۆڤی کرد کە بۆ چۆڵکردنی شارەکانی رۆژھەڵاتی ئۆکرانیا، فەرمانی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی داوە، پوتی گوتی: "ئەوانەی بڕیاری بەو جۆرە دەر دەکەن دەبێ چاوەڕوانی دەرئەنجامەکانیشی بکەن، ئەگەر حکومەتی ئۆکرانیا لە بەرامبەر ھاووڵاتییانی خۆی چەک بەکاربێنێ، دەرئەنجامی خراپی دەبێ لەسەر پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان. بەڕێوەبەرانی ئیدارەی کێیڤ شەرعیەتیان نەماوە."
پوتین لە باسی کاریگەری گەمارۆکانی وڵاتانی رۆژئاوا لەسەر روسیا گوتی: "ئەو گەمارۆیانە کاریگەرییان لەسەر ئابووریی روسیا ھەیە. بەڵام بەو جۆرە نابێ کە ئابووریی روسیا تووشی قەیران بکا. ئەوانەی چاودێری سیاسەت و ئابووریی جیھان دەکەن، دەزانن ئەو جۆرە گەمارۆیانە ئەو جۆرەی چاوەڕوان دەکرێ ئەنجامیان نابێ، بەڵکو تەنیا مانا و واتەیەکی سیاسییان ھەیە. روسیا ئەندامی رێکخراوی بازرگانی جیھانییە بۆیە ئەگەر پێویست بکا وەکو ئەندامی ئەو رێکخراوە داوای مافی خۆمان دەکەین."