تێل ئەبیب
سەرۆکی ئیسرائیل شیمۆن پێرێز ئامادەیی خۆی دەربڕی بۆ چاوپێكەوتن لەگەڵ هاوتا ئێرانیەکەی، حەسەن رۆحانی.
پێرێز لە كۆنفرانسێكدا كە لە تەلئەبیب ئەنجام درا رایگەیاند، ھیوادارە كۆمەڵگای نێودەوڵەتی لە چەند مانگی داھاتوودا بە رێگای دیالۆگ، رێگری لە چەكی ئەتۆمی ئێران بکا.
لە وەڵامی رۆژنامەنووسێكدا كە پرسی "ئایا ئێوە دەتانەوێ لەگەڵ سەركۆماری ئێران حەسەن رۆحانی كۆببنەوە؟" شیمۆن پێرێز گوتی "بۆ نا؟ من ئامادەم كۆ ببمەوە. من دوژمنم نییە. ئێمە ئێران وەكو دوژمن نابینین."
پێرێز دەڵێ دوژمنایەتی بابەتێكی تاكەكەسی نییە، بابەتێکی سیاسییە، سەبارەت بە یاسر عەرەفات گوتی "جاران نەماندەیویست لەگەڵ عەرەفات كۆببینەوە. بەڵام كە سیاسەتەكەی گۆڕا گوتمان بۆ نەبێ؟ ئێمە لایەنگری ئاشتین، دوا ئامانجی ئێمە گۆڕینی دوژمنەكانمانە بە دۆست."