موسل / حەمدی حوسێن
رۆژی چوار شەممەی رابردوو ھێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان بە ھاوکاری فڕۆکە جەنگییەکانی ھاوپەیمانان لە سنووری میحوەری رۆژھەڵات و رۆژئاوای بەنداوی موسڵ ئۆپەڕاسیۆنێکیان ئەنجامدا و له ئاكامدا توانییان چەندین گوندی دەوروبەری ناحیەی وانکێ و ھەروەھا سێ ریانی تەلەعفەر - موسڵ - كەسكێ لە دهستی چەکدارانی داعش دهربهێنن.
دوای ئۆپەڕاسیۆنەكه باڵانسی ھێز لەو ناوچەیە گۆڕا و مەترسییەکان بۆ سەر ھەرێمی کوردستان کەمتر بوونەوه بە جۆرێك پێشمەرگە لە میحوەری رۆژھەڵاتی بەنداوی موسڵ تا گوندی ئەسکی موسڵ کۆنترۆڵ کرد کە یەکێک لەو گوندانەبوو گەورەترین ھێزی داعشی تێدا بوو.
لە ناوچەی رۆژئاوای بهنداوی موسڵیش گوندی حەسەن جەلال کە نزیکەی ١٢ کیلۆمهتر لە ناوەندی موسڵهوه دوورە لهلایهن هێزی پێشمهرگهوه كۆنترۆڵكرایهوه ئهمه جگه له كۆنترۆڵكردنهوهی سێ ریانی سەرەکی تەلەعفەر - موسڵ - كەسكێ كە شوێنكی ستراتیژیە و تا ئێستاش داعش لە گوندی ئەبو ماریا چەندین هەوڵی گرتنەوەی ئەو رێگەیهی داوە.
بە پێ زانیاریەکانی پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو لەو ناوچەیە، ئەوەی زیاتر بە چاوبوو، ئەخلاقی مرۆڤ دۆستانەی ھێزی پێشمەرگەی کوردستان لەو شەڕەدا بوو بهرامبهر خهڵكی ئهو گوندانهی كه كۆنترۆڵی كردن كه زۆربهی ئهو گوندانه عهرهب نشینن و به شێوهیهكی مرۆڤانە مامهڵەیان لە گەڵ دەكردن و هەروەها ماوەی چەند رۆژێکە دەزگای خێرخوازی بارزانی لە زووربەی ئەو گوندانە یارمەتی بە سەر خەڵک دابەش دەکات.
ھەروەھا ئاوی خواردنەوەی ناوچەی تەلەعفەر، زوممار و گوندەکانی دەوروبەری موسڵ گه لە گوندی ئەسکی موسڵ دابەش دەکرێت و داعش ئاوی ئەو ناوچەیەی بڕیبوو، بهڵام دوای كۆنترۆڵكردنەوەی ئەو گوندە لە لایەن پێشمەرگەی كوردستان، ئاوەكە بۆ خهڵك بهردرایهوه كه دهگاته ناوچەی تەلەعفەر و هەندی گوندی نزیك موسڵیش كە تا ئێستا لە ژێر دەسەلاتی ئەو رێكخراوەدان.
دانیشتوانی ئەو گوندانەش زیاتر لە ھەموو ھێزێک، خوازیاری ئەوهن پێشمەرگە ناوچهكهیان بپارێزێت و دەسەڵاتی داعشیان بە نادادپەروەر ناوزەد دهكهن.
ھەروەھا لە چەند خالێکی پشکنینی پێشمەرگەش ئهوه بینرا کە خەڵکی ناو شاری موسڵیش بە دزی هەڵدەهاتن و بە پەرۆیهكی سپی نزیکی خاڵەکانی پێشمەرگە دەبوونەوە و داوای یارمەتیان لە پێشمەرگە دەكرد.
ههر لە بارەی ئەو ناوچەیە پێشتر راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی ھەرێمی کوردستان مەسروور بارزانی لە میحوەری دیجلە لە پرێس کۆنفڕانسیکدا گوتی: "ئەو ناوچەیە بە درێژایی ٤٠ کیلۆمەتر و قووڵایی ١٥ کیلۆمەتر کۆنتڕۆڵ كراوە و ئهو ئامانجەی بۆ پێشمهرگه دیاریكرابوو، بهجێی گهیاند و ھەموو ھێرشهكانی داعش لەو میحوەرە تێكشێنراون و زیاتر لە ٢٠٠ چەکداریان کوژراون."
فەرماندەی هێزی پێشمهرگه عەمید بەھجەت تهیموور لە سێ ریانی تەلەعفەر -موسڵ - كەسكێ بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئەوەی ئاشكرایە داعش ئیتر بەرەو نەمان دەڕوات و وورەی نەماوە و ههروهها لە رووی سایكۆلۆژییەوە تووشی شكستێكی گهوره بوون. ئهوان زۆر كاری قیزهون و دڕندانهیان ئهنجامدا بۆیه كاتیان بهسهرچوو و له كۆتایی نزیكبوونهتهوه."
لە بارەی ئەو ئۆپەڕاسیۆنەش ئهو فهرماندهیهی هێزی پێشمهرگه گوتی: "ئەو ناوچەیە زۆر گرنگ بوو بۆ بەنداوی موسل و رەبیعە و كەسكی. هەروەها به كۆنترۆڵكردنی سێ ریانی ستراتیژی تەلەعفەر - موسڵ - كەسكێ، زیانێكی زۆری پێگهیاندن و هاتوچۆی ئهوانی بۆ ناوچەكانی تەلەعفەر زۆر سهخت كرد. داعش ئێستا زیاتر شەڕی مان و نەمان دەكات و ئەگەر پێویست بێ ئێمە پێشڕەوی دیكەش لەو ناوچەیە دەكەین."