حهلەب
چهكدارانی داعش پێش پێنج مانگ گوندەكانی دەورووبەری كۆبانێ كە زۆربەی زۆری دانیشتوانیان كوردن گهمارۆ دا و دواتر شەڕی له نێوان هێزە كوردییەكان و چهكدارانی داعش دەستی پێكرد و بە هۆی ئەو شەڕ و پێكدادانانەوە نزیكەی 200 هەزار كەس و روویان لە توركیا كرد و ئاوارهبوون.
كۆبانێ كە لەسەر سنوری نێوان توركیا و سوریایە و چەند سەد مەترێك لە ناوچەی سوروچی سەر بە پارێزگای ئۆرفا دوورە، رۆژ دوای رۆژ شەڕ و پێكدادانی توند لە نێوان چهكدارانی داعش و هێزە كوردییەكاندا بهخۆیهوه بینی. دوای نیشاندانی بەرخۆدانێكی گەورە لەلایەن هێزە كوردییەكانەوە، چهكدارانی داعش بە تانك و تۆپ هێرشیان كرده سهر گردە ستراتیژییەكانی نزیك كۆبانێ و جار جار پێشڕەوییان دەكرد و بە هێرشی خۆكوژی و تۆپ و تانك هەموو هەوڵی خۆیان خستە گەڕ بۆ شكاندنی بەرەی بەرخۆردانی هێزە كوردییەكان و بۆ ماوەیەكی درێژ چهكدارانی داعش و هێزە كوردییەكان لە نێو كۆڵانەكانی كۆبانێدا شەڕی كۆڵان بە كۆڵانیان كرد.
فڕۆكەكانی هاوپەیمانی نێودهوڵهتی شهڕی دژی داعش بە سەرۆكایەتی ئەمریكا جار جار مۆڵگە و سەنگەری تیرۆریستانی داعشیان لە ناوچەكەدا بۆردمان دەكرد و بە هۆی ئەو بۆردمانانەوە شەڕ و پێكدادانەكان تۆزێك كەم بوونەوە، بەڵام دوای ماوەیەك تیرۆریستانی داعش دووبارە هێزیان كۆكردەوە و پێكدادانەكان دووبارە دەستیان پێكردەوە.
هێزی شەرڤانە كوردییەكان بە گەیشتنی پێشمەرگە بۆ كۆبانێ، بۆردمانەكانی فڕۆكەكانی هاوپەیمان و هاوكاری سوپای ئازادی سوریا، ورەیان بەرزبووەوه و هێزیان زیاتر بوو و دوای چوار مانگ بەردەوامی شەڕ و پێكدادان هێزە كوردییەكان توانیویان شارەكە لە دەستی تیرۆریستانی داعش رزگار بكەن و تیرۆریستان لە شارەكە دەربكەن.
ئەو شەڕ و پێكدادانانە كە دەگوترێت بە هۆیانەوە نزیكەی هەزار و 500 كەس كوژراون، حاڵی حازر لە دەرەوەی شار بەردەوامە. فڕۆكەكانی هاوپەیمانان بۆ دۆزینەوەی مۆڵگەی تیرۆریستان لەدەرەوەی شار درێژە بە سووڕانەوە لەسەر ئاسمانی ناوچەكە دەدەن و جارجاریش بۆردمانی مۆڵگەی تیرۆریستان لە دەرەوەی شارەكەدا دەكەن.
دوای ئەو شەڕ و پێكدادانە قورسانە شاری كۆبانێ وهك وێرانهیهكی لێهاتووه هیچ كۆڵان، جادە، گەڕەك و ماڵێك نەماوە كە رووبەرووی زەرەر و زیان نەبووبێتەوە، لە نێو كۆڵان و جادەكاندا كە پڕن لە ئاسەواری شەڕ، پاشماوهی تەقەمەنی نەتەقێنراو دەبینرێت. مزگەوتی گەورەی كۆبانێ یەك لەو باڵاخانانەیە كە تەنیا پاشماوەكانی بەجێ ماون.
لە لایەكی دیكەوە لە ناوەندی شارەكەدا هێزە كوردییەكان هاتوچۆ دەكەن و بەردەوامن لە هێرش كردنە سەر تیرۆریستانی داعش.
هێزە كوردییەكان كە ژمارەیەك شەڕڤانی ژنیشیان تێدایە، زۆر خۆشحاڵن بەرامبەر سەركەوتنیان لە سەر تیرۆریستانی داعش.
لهمبارهیهوه بەرپرسێكی باڵای پارتی یەكێتی دیموكرات ( پەیەدە) بهناوی ئەنوەر موسلم بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "لە دژی تیرۆریستانی داعش له ناوچهكهدا بەرخۆدانێكی بێ وێنه كرا. پێویستە هەموو دەوڵەتەكانی جیهان پێكەوە لە بەرامبەر تیرۆر شەڕ بكەن. لە بەرخۆدانی كۆبانێ ههموو كهسێك رۆڵی ههبوو، سوپاسی هەموو ئەو كەسانە دەكەین كە هاوكاری كۆبانێیان كردووە، دەستخۆشی لە توركیا دەكەین كە هاوكار بووە، كۆبانێ بۆ جیهان بوو سیمبولی برایەتی، دیموكراسی و شەڕی دژی تیرۆر. كەموكۆرتی زۆر لە كۆبانێ هەیە، لە هەر ماڵێكدا كەسێك گیانی لەدەست داوە و لە داهاتوویەكی نزیكدا كۆبوونەوەیەك بۆ گفتوگۆكردن لەسەر چۆنییهتی گەڕانەوەی خەڵكی كۆبانێ ئەنجام دەدەین".
موسلم ههروهها گوتی: "دەمانەوێ سەر لە نوێ كۆبانێ ئاوەدان بكەینەوە و بۆ ئاوەدان كردنەوەی كۆبانێ داوای هاوكاری لە گەنجە كوردەكان دەكەین".