Hemin Hüseyin
17 تشرینی یەکەم 2017•نوێکردنەوە: 20 تشرینی یەکەم 2017
هەولێر - AA
سەرۆكی هەرێمی كوردستان، مەسعود بارزانی لە پەیامێکدا رایگەیاند "ئەوەی لە شاری كەركووك ڕووی داوە، دەرئەنجامی بڕیاری تاكلایەنەی چەند كەسێك لەنێو لایەنێكی سیاسیی ناوخۆی كوردستان بوو، كە دواجار بووە هۆی ئەوەی هێزەكانی پێشمەرگە بەو شێوەیەی كە دیترا پاشەكشە بكەن و لە دەرئەنجامی ئەم پاشەكشەیە، هێڵی تەماسی پێش دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنی ئازادكردنی موسڵ لە 17ـی 10ـی 2016 لەنێوان بەغدا و هەولێر بووە بە بنەمای لەیەكگەییشتن لە چۆنییەتیی بڵاوەپێكردنی هێزەكانی عێراقی و هەرێمی كوردستان".
سەرۆكی هەرێمی كوردستان، مەسعود بارزانی لەبارەی پێشهاتەکانی چەند رۆژی رابردووی شاری کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان پەیامێکی بڵاو کردەوە.
پەیامەکەی بارزانی کە لە ماڵپەڕی فەرمی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان بڵاوکراوەتەوە، رایگەیاندووە "جەماوەری كوردستان دڵنیا دەكەینەوە ئەوەی پێویستە و دەكرێت، لەپێناو پاراستنی دەستكەوتنەكانمان و ئارامی و ئاساییشی خەڵكدا ئەنجامی دەدەین".
دەقی پەیامەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان
بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان
جەماوەری خۆشەویستی كوردستان
ڕای گشتیی كوردستان و عێراق و جیهان
بە درێژایی مێژوو گەلی كوردستان لەژێر هەڕەشە و زوڵمدا بووە و مافەكانی پێشێل كراوە. لەو مێژووەدا گەلی كوردستان بەرگریی لە ناسنامەی خۆی كردووە و تووشی جینۆساید و كۆمەڵكوژی هاتووە كە دوایینیان پەلاماری دڕندانەی تیرۆریستانی داعش بووە بۆ سەر كوردستان و جینۆسایدی كوردانی ئێزیدی. لەگەڵ ئەوەیشدا گەلی كوردستان هەمیشە لە ڕوانگەی چارەسەری ئاشتیانەدا هەنگاوی ناوە و هیچ كاتێك شەڕمان نەویستووە، بەڵكو شەڕمان بەسەردا سەپێندراوە و هەموو هەوڵێكمان بۆ چارەسەری ئاشتیانە داوە بۆ مانەوەمان و گەییشتنمان بە ئامانجەكانمان. ئامانجی سەرەكیشمان هەمیشە ئاساییش و مافەكانی گەلی كوردستان بووە.
هاووڵاتیانی خۆشەویست
ئەوەی لە شاری كەركووك ڕووی داوە، دەرئەنجامی بڕیاری تاكلایەنەی چەند كەسێك لەنێو لایەنێكی سیاسیی ناوخۆی كوردستان بوو، كە دواجار بووە هۆی ئەوەی هێزەكانی پێشمەرگە بەو شێوەیەی كە دیترا پاشەكشە بكەن و لە دەرئەنجامی ئەم پاشەكشەیە، هێڵی تەماسی پێش دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنی ئازادكردنی موسڵ لە 17ـی 10ـی 2016 لەنێوان بەغدا و هەولێر بووە بە بنەمای لەیەكگەییشتن لە چۆنییەتیی بڵاوەپێكردنی هێزەكانی عێراقی و هەرێمی كوردستان.
جەماوەری كوردستان دڵنیا دەكەینەوە ئەوەی پێویستە و دەكرێت، لەپێناو پاراستنی دەستكەوتنەكانمان و ئارامی و ئاساییشی خەڵكدا ئەنجامی دەدەین.
ئێستایش داكۆكی لەسەر پاراستنی یەكڕیزی و خۆڕاگریی گەلی كوردستان و هێزە سیاسییەكان دەكەینەوە و، داوایش لە دەزگاكانی ڕاگەیاندن دەكەم بە گشتی لە ڕوانگەی هەستكردن بە بەرپرسیارێتیی نەتەوەیی و نیشتیمانی مامەڵە لەگەڵ بارودۆخی هەستیاری كوردستان و عێراقدا بكەن.
گەلی خۆڕاگری كوردستان، جەماوەری دڵسۆز و خۆبەخشەكان، پێشمەرگە قارەمانەكان، كەسوكاری شەهیدە سەربەرزەكانمان، ئەو خوێنەی ڕۆڵەكانتان لەڕێگەی ئازادیی كوردستان بەخشیویانە و ئیمڕۆش هەر دەبەخشرێت، ئەو دەنگە زوڵاڵە بەرزەی كە بۆ سەربەخۆیی كوردستان خستانەڕوو و گەیاندتانە گشت گەلان و وڵاتانی جیهان، ڕۆژێك لە ڕۆژان بە فیڕۆ ناچێت و بەفیڕۆیش نایدەین.
گەلی كوردستان بە هیمەتی هێز و ڕۆڵە قارەمانەكانی زوو یان درەنگ هەر دەگاتە ئامانجە ڕەوا و پیرۆزەكانی. ئیمڕۆ ڕۆژی باوەڕبوونە بە هێز و یەكڕیزیی گەلەكەمان.
مسعود بارزانی
17ـی 10ـی 2017