هەولێر
كۆنسوڵی توركیا لە هەرێمی كوردستان محەمەد ئەكیف ئینام سەردانی پەرلەمانی هەرێمی كوردستانی كرد و لەگەڵ سەرۆكی پەرلەمان یوسف محەمەد كۆبووەوە.
دوای دیدارەكەی لەگەڵ سەرۆكی پەرلەمان، كۆنسوڵی تورکیا محەمەد ئەكیف بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند، دیدارەکەیان لەگەڵ سەرۆكی پەرلەمانی هەرێم هاوشێوەی دیدار و سەردانەكانی دیکە بووە بۆ پەرلەمان و باسیان لە پەیوەندی نێوان توركیا و هەرێمی كوردستان كردووە.
ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەو بابەت و پرسانەی رۆژانە چ لە لایەن ئەوانەوە و چ لە لایەن پەرلەمانی هەرێمی كوردستانەوە ئەنجام دەدرێن، بۆ یەكتری باس دەكەن و ئاڵوگۆری بیروڕایان لەسەر دەكەن.
ئەكیف گوتی: "لەگەڵ سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان باسمان لە رێکكەوتنی نێوان هەولێر و بەغداش كردووە، هیوای سەركەوتنیان بۆ دەخوازین".
تەوەرێكی دیکەی دیداری نێوان كۆنسوڵی توركیا لە هەرێم و سەرۆكی پەرلەمانی هەرێم كوردستان، گفتوگۆ كردن بووە، لەسەر رەوشی پەنابەرانی سووریا و ناوچەكانی خوارووی عێراق كە لە هەرێمی كوردستانن.
محەمەد ئەكیف ئینام، دەڵێت: "توركیا یەكەم وڵات بووە هاوكاری مرۆیی گەیاندووەتەوە هەرێمی كوردستان بۆ ئاوارەكان، تا ئێستا نزیكەی 600 بارهەڵگر هاوكاریمان گەیاندووەتە كوردستان، لە ئێستادا توركیا كەمپی دروستكردووە بۆ ئاوارەكان لە سنووری پارێزگای دهۆك. سەرۆكی پەرلەمان سوپاسی توركیای كرد، هەروەها حكوومەتی هەرێم و پارێزگای دهۆكیش دەستخۆشییان لەو هاوكارییانەی توركیا كردووە بۆ پەنابەران".
كۆنسوڵی توركیا باسی لە سەردانەکەی سەرۆكوەزیرانی توركیا ئەحمەد داودئۆغڵو كرد بۆ هەولێر و گوتی "داودئۆغڵو لە دوای 2011 یەكەم سەردانی بووە بۆ عێراق و هەرێمی كوردستان، بێگومان دوای ئەوەی سەردانی هەولێری كردووە، لەگەڵ سەرۆكی هەرێم و سەرۆكوەزیرانی حكوومەتی هەرێم دیداری ئەنجامدا و قۆناغێكی نوێ لە نێوان هەولێر و ئەنقەرە هاتە كایەوە، بە هیواین سەردانی شاندی هەولێر و بۆ ئەنقەرە و هەروەها شاندی توركیاش بۆ هەولێر زیاتر بێت، چونكە هەرێمی كوردستان و توركیا جیا لەوەی دراوسێن، پەیوەندی باشی ئابووری و سیاسی لە نێوانیاندا هەیە".