Zana Natık Kerem
25 تەمووز 2017•نوێکردنەوە: 26 تەمووز 2017
قاھیرە ــ AA
هەریەك لە سعوودیە، میسر، ئیمارات و بەحرێن كە بایكۆتی قەتەریان كردووە دووەم لیستی تیرۆریان راگەیاند كە نۆ قەوارە و نۆ كەسایەتی لە خۆدەگرێت.
لە ٨ی حوزەیرانی رابردوودا، هەریەك لە سعوودیە، ئیمارات، بەحرێن و میسر لیستێكی هاوبەشیان بڵاوكردەوە كە ناوی ٥٩ كەس و ١٢ رێكخراوی خێرخوازی لەنێودا بوو و بە تۆمەتی "پەیوەندی هەبوون لەگەڵ تیرۆر" خستیانە ناو "لیستی تیرۆر" و بانگەشەی ئەوەیشیان كرد كە قەتەر پشتگیری ئەو كەس و رێكخراوانە دەكات.
لە بەیاننامەیەكی هاوبەشدا كە ئاژانسی فەرمی میسر بڵاوی كردووەتەوە، ئەو چوار وڵاتە رایگەیاندووە "نۆ قەوارە و نۆ كەسایەتی دیكەیان خستنە ناو لیستی تیرۆرەوە كە ئەو قەوارە و كەسایەتیانە بە راستەخۆ یان ناراستەوخۆ پەیوەندییان بە دەسەڵاتدارانی قەتەرەوە هەیە".
بە پێی بەیاننامەكە، نۆ قەوارەكە سەربە یەمەن و لیبیان لەوانەش، ئەنجوومەنی شورای شۆڕشگێرانی بەنغازی لە لیبیا (هاوپەیمانێتی كەتائیبەكان كە لە رووخاندنی موعەممەر قەزافی لە ساڵی ٢٠١١دا بەشداربوون) كەناڵی نەبائی لیبیی لەگەڵ ژمارەیەك رێكخراوی خێرخوازی یەمەن و كەسایەتییەكایش هەڵگری رەگەنامەكانی قەتەر، كوێت، یەمەن و لییبان كە لە نێویاندا بانگخوازی كوێتی، حامد حەمەد عللی لەگەڵ سێ بانگخوازی قەتەر هەیە.
ئەو چوار وڵاتە ئەو هەموارەی كە قەتەر لە یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر ئەنجامی داوە بە هەنگاوێكی چاوەڕوانكراو لە قەڵەمیان داوە بۆ ئەوەی قەتەر بگەڕێتەوە سەر رێرەوی راست.
لە ٢٠ی ئەم مانگە میری قەتەر، تەمیم بن حەمەد ئالسانی یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆری هەمواركردەوە ئەوەش دوای ئەوەی کە لە ١٢ی ئەم مانگەدا قەتەر و ئەمریكا یادداشتنامەیەكی لێتێگەیشتنیان بۆ رووبەڕووبوونەوەی پاڵپشتی دارایی تیرۆر واژوو كرد.