Azad Mohammed Abdullah
25 تشرینی دووەم 2017•نوێکردنەوە: 26 تشرینی دووەم 2017
هەولێر - AA
ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە پێكهاتەی ئێزدی، ڤیان دەخیل رایگەیاند "بەرپرسانی حەشدی شەعبی دەڵێن، دواى دەستپێکردنەوەى دانوستاندن و گفتوگۆى نێوان هەولێر و بەغدا حەشدى شەعبى لە شنگال و سنوورەکە دەکشێنەوە".
ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە پێكهاتەی ئێزدی، ڤیان دەخیل لە چاوپێکەوتنێکى تایبەت لەگەڵ ئاژانسى ئانادۆڵو گوتی: "کوردى ئێزدى چەند ساڵێکە بە بەردەوامى لە رەوشێکى خراپدان، بەشى هەرە زۆرىان لە شنگال، باشیک و گوندەکانى سنوورى قەزاى شێخان بێ ماڵ و حاڵبوون و ماوەى زیاتر لە سێ ساڵە ئاوارە بوون، ٢٦ کەمپ لە سنوورى پارێزگاى دهۆک پڕن لە ئاوارە ئێزدییەکان بەهۆى ناسەقامگیرى ناوچەکەیان ناگەڕێنەوە بۆ زێدى خۆیان".
هەروەها گوتى: "بەهۆى نالەبارییە یەک لە دوای یەکەکانى عێراق و ناوچەکە، ٤٢٠ هەزار کوردى ئێزدى ئاوارە بوونە، کە ئەمەش لە سەدا ٨٠ى ئەم پێکهاتەیە پێکدەهێنێت، لە نێویشیاندا چەندین کەس بەهۆی ئاوارەبوونیان بێ سەروشوێن بوون و ژمارەیەکی زۆریشیان لەرێگەى هەندەرانەوە لە ئاوى دەریا و رووبارەکانیش خنکاون".
ڤیان دەخیل گوتیشى: "هۆکارگەلێک هەن لەبەردەم گەڕانەوەى ئاوارەکان بۆ زێدى خۆیان، یەکێک لە هۆکارەکان هەبوونى ژمارەیەکى زۆر لە هێز و گرووپى چەکدارى جیاوازە. ئەگەر سەیر بکەین ئێستا لە سنوورى شنگال هێزى پێشمەرگە، سوپاى عێراق، حەشدى شەعبى، پەکەکە و چەندین گرووپى چەکدارى دیکەى سوورى هەن، ئەمە هەستى متمانە بەخۆبوون بە دانیشتووانى ناوچەکە نادات، هۆکارێکى دیکەش ئەوەیە کە شنگال لە سەدا ٨٥ وێران بووە".
- منداڵانى ئێزدى
ڤیان دەخیل لەبارەى منداڵە ئێزدییەکانى ژێر دەستى داعش دەڵێت "منداڵە ئێزدییەکانى ژێر دەستى داعش کێشەیەکى زۆر گەورەیە، زیاتر لە هەزار منداڵ لە تەمەنى یەک ساڵى بۆ چوار ساڵى پێش زیاتر لە سێ ساڵە کەوتنە دەستى داعش، بەشێکى زۆرى ئەو منداڵانە لە ئێستادا لە تەمەنى شەش بۆ حەوت ساڵیدان و لە چەندین شوێنى جیاوازى عێراق و سووریا بوونیان هەیە و هەموو ئینتیمایەکیان بۆ داعشە".
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی نوێنەران ئاماژەی بەوەدا کە لە ئێستادا لە کەمپی گەیارە و حەمام عەلیل و چەند کەمپێکی دیکەی ناوچەکە دەیان منداڵى کوردى ئێزدى هەن، زۆرجار هەبووە لە یەک کاتدا ١٠ خێزانی ئێزدی گوتوویەتى ئەمە منداڵى منە، پێویستە پشکنین بۆ ئەو خێزان و منداڵانە بکرێت بۆ ئەوەی دایک و باوکی راستەقینەیان بەدیار بکەوێت".
- "دووهەزار و ٩٠٠ کچ و ژن لەژێر دەستى داعشدا ماون".
ڤیان دەخیل لەبارەى رزگارکردنى کچ و ژنانى ئیزدى لەژێر دەستى داعش دەڵێت "هەرچەند تا ئێستا زیاتر لە ٣ هەزار کچ و ژنى کوردى ئیزدى رزگار کراون، بەڵام بەڕاستى لە بابەتى رزگارکردنى ئافرەتە ئێزدییەکانى ژێر دەستى داعش حکوومەتى عێراق هاوکار نەبووە، تا ئەمڕۆشى لەگەڵدا بێت زیاتر دووهەزار و ٩٠٠ کچ و ژن لەژێر زوڵم و ستەمەکانى داعشدا دەژین".
- "پەکەکە بەشێک نییە لە ئێمە"
ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە پێكهاتەی ئێزدی، ڤیان دەخیل لەبارەى بوونى حەشدى شەعبى و پەکەکە لە شنگال گوتى: "ئێمە سەقامگیرى شنگالمان دەوێت، ئەو کاتەى پێشمەرگە شنگالى دەپاراست، رەوشى کوردانى ئێزدى زۆر باش و جێگیر بوو، ئەگەر حکوومەتى عێراق مەبەستى جێبەجێکردنى دەستوورە پێش هاتنى داعش هێزەکانى پێشمەرگە و هێزەکانى پاسەوانى سنوور پێکەوە لە شنگال و سنوورەکە بوونیان هەبوو، ئەگەر رێککەوتن لەسەر بەڕێوەبردنى هاوبەش لە نێوان حکوومەتى هەرێمى کوردستان و حکوومەتى عێراق بکرێت لاریمان نییە لەوەى پێشمەرگە و بەشێک لە سوپاى عێراق لە شنگال بن، بەڵام بەو مەرجەى ئەو بەشەى سوپاى عێراق هەموو عەرەب نەبن یاخود لە پارێزگایەکى دیکە نەهێندرابن بۆ شنگال، لە بنەڕەتدا پێویستە ئێزدى، موسلمان و کریستیانەکانى ناوچەکە دابمەزرێندرێن لە ریزى سوپاى عێراق و تەنانەت لە وەزارەتى پێشمەرگەش پاراستنى ناوچەکانیان بخرێتە ئەستۆیان، سەرکردەکانى نێو حەشدى شەعبى قسەیان لەگەڵ ئێمە کردووە بە ئێمەیان راگەیاندووە کە لە ناوچەکە نامێنن".
گوتیشى: "پەکەکە بەشیک نییە لە ئیمە، پەکەکە بەشێکى غەریبن. لەسەرەتاوە ئێمە نەمانویستووە پەکەکە دەستبەسەر شنگال بگرێت و ئێستاش قبووڵى ناکەین و دژى مانەوەى چەکدارانى پەکەکەین لە شنگال".
ڤیان دەخیل هەروەها گوتى "بەرپرسانی حەشدی شەعبی بە ئێمەیان گوتووە، دواى دەستپێکردنەوەى دانوستاندن و گفتوگۆى نێوان هەولێر و بەغدا حەشدى شەعبى لە شنگال و سنوورەکە دەکشێنەوە، ئەگەر دواى دانوستاندن نەکشانەوە ئەوکات داوا لە حکوومەتى عێراق دەکەین بیانکشێنێتەوە، ئێمە دژى ناسەقامگیرى شنگالین".