سلێمانی
شاندێکی باڵای مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان بە سەرۆكایەتی جێگری سەرۆکی ئەو حزبە نێچیرڤان بارزانی و ئەندامێتی ئەندامانی مەكتەبی سیاسی فازل میرانی و ئازاد بەرواری و هۆشیار زێباری و مەحمود محەمەد سەردانی مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانیانیان كرد لە شاری سلێمانی.
شاندەکەی پارتی لە لایەن شاندێکی باڵای مەكتەبی سیاسی یەكێتییەوە پێشوازی لێكرا كە پێكهاتبوون لە جێگری یەکەمی سکرتێری گشتیی ی.ن.ک كۆسرەت رەسوڵ عەلی لێپرسراوی دەستی گارگێڕی مەکتەبی سیاسی مەلا بەختیار، هەروەها حاكم قادر و عومەر فەتاح و ئەندامانی مەكتەبی سیاسی ئەرسەلان بایز و عیماد ئەحمەد و رەفعەت عەبدولڵا و شێخ جەعفەر و سەعدی ئەحمەد پیرە.
لە كۆبوونەوەیەكدا كە زیاتر لە سەعاتێکی خایاند، باس لە بابەتە گرنگەكانی ئەمڕۆی پەیوەست بە دۆخی هەرێمی كوردستان و عێراق و رۆژئاوا و ناوچەكە كرا.
لەبارەی پەیوەندییەكانی هەردوولا كە لە ئێستادا زۆر باس لە تێكچوونی پەیوەندییەكانیان دەكرێ، هەردوولا كیشە و گلەییەكانی یەكیان گەیاند بە یەكتری و بڕیاریشیاندا بۆ پتەوكردن و نوێكردنەوەی رێككەوتننامەی ستراتیژی نێوانیان، لیژنەیەكی دووقۆڵی پێكبێنن و بەسەر پەیوەندییەكانیاندا بچنەوە و خاڵە لاوازەكان چارەسەر بكەن.
بۆ كێشەكانی پەیوەست بە هەرێمی كوردستان و عێراقیش، بڕیاردرا سبەی لە شاری هەولێر كۆبوونەوەیەكی فراوانی پێنج قۆڵی نێوان هەر پێنج حزبە سەرەكییەكەی هەرێمی كوردستان بكرێتو تیایدا بڕیار لەسەر یەكهەڵوێستی و یەكدەنگی كورد بۆ رووداوەكانی پەیوەست بە هەرێمی كوردستان بدرێ.
دوای كۆبوونەوەكە لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا هەریەك لە مەلا بەختیار و نێچیرڤان بارزانی كۆبوونەوەكەیان بە "گرنگ و پێویست" باسكرد "بۆ رەخساندنی ئایندەیەكی گەش."
لە کۆنگرەکەدا باسیان لەوەکرد کە چەند تەوەرێكی زۆر گرنگ باسكراوە و پەیوەندییەكانی نێوانیشیان خاڵێكی گرنگی كۆبوونەوەكە بووە و ئاماژەیان بەوەکرد کە هەلومەرجی ئەمڕۆ پێویست بەوە دەكا سەرلەنوێ بە پەیوەندییەكانی نیوانیاندا بچنەوە.
دەربارەی كێشەكانی هەرێم لەگەڵ بەغدا، نێچیرڤان بارزانی گوتی: "بڕیارمانداوە لە ئایندەیەكی نزیكدا شاندێکمان بچێتە بەغدا و كۆبوونەوە و گفتوگۆی گرنگ بۆ چارەسەری ئەو كێشانە دەكەین."
بودجەی هەرێم و پرسی نەوت
دەربارەی ئەو مەرجانەی كە حكومەتی عەبادی بۆ هەرێمی داناوە بۆ ناردنەوەی بودجەی هەرێمی كوردستان، نێچیرڤان بارزانی گوتی: "ئامادەی پیشاندانی هەموو جۆرە شەفافییەتێكین بۆ هەرلایەک، چونكە سیاسەتی نەوتی ئێمە زۆر ئاشكرا و روونە."
گوتیشی: "نەوت بیانووی بڕینی بودجەی هەرێمی كوردستان نەبوو، چونكە ئەو كاتەی حكومەتەكەی مالیكی بڕیاری بڕینی بودجەی هەرێمی كوردستانیدا یەك بەرمیل نەوتمان نەناردبووە دەرەوە و نەوتمان نەفرۆشتبوو" ئاماژەی بەوەشکرد کە لە ئێستادا دۆخەكە گۆڕاوە و لەگەڵ سەرۆكوەزیرانێكی نوێ مامەڵە دەكەن و هەوڵی چارەسەری هەموو كێشەكان دەدەن.
لەبارەی ئەو بڕە نەوتەی كە تا ئێستا فرۆشراوە، بارزانی رایگەیاند کە تا ئێستا 20 كەشتی نەوتیان فرۆشتووە و پارەكەی گەڕاوەتەوە بۆ توركیا و لە رێی توركیاشەوە رەوانەی هەرێمی كوردستان كراوەتەوە.
هاوکات ئەو دەنگۆیانەی رەتكردەوە كە توركیا دەستیگرتبێ بەسەر پارەی هەرێمی كوردستاندا.
"تەقەمەنیمان بۆ کۆبانێ ناردووە"
لەبارەی شاری كۆبانێ و یارمەتییەكانی حكومەتی هەرێم، نێچیرڤان بارزانی رایگەیاند ئەوەی لە دەستی حكومەتی هەرێمدا بووبێ لە یارمەتی كۆبانێ درێغییان نەكردووە و تەقەمەنی و یارمەتی مرۆییان ناردووە و سنوورەكانیشیان بە رووی ئاوارەكاندا كردووەتەوە و هەماهەنگیشیان لەگەڵ لایەنە سیاسییەكانیشدا دروستكردووە بۆ چۆنییەتی هاوكاریكردنی زیاتر.
لەسەر پرسیاری ئەوەی بۆچی هێز رەوانەی كۆبانێ ناكەن، نێچیرڤان بارزانی گوتی: "كۆبانێ لە سنووری هەرێمی كوردستانەوە زیاتر لە 200كم دوورە و بە هیچ جۆرێك ناتوانین هێز بگەیەنینە ئەو شارە."
لە وەڵامی پرسیاری ئەوەی بۆچی لە رێی توركیاوە هێز نانێرن، گوتی: "من فەرمانبەری حكومەتی توركیا نیم و پەیوەندیشمان لەسەر بنەمایەکی فەرمی نێوان حكومەتی هەرێم و حكومەتی توركیایە، هەروەك چۆن لەگەڵ ئێرانیش پەیوەندیمان باشە. ناردنی هێز بە خاكی ئەواندا لەدەست ئێمەدا نییە، بەڵام ئەوەی ئێستا گرنگە بۆمان دۆخی ئەمڕۆ وا دەخوازێ هەموو یەكدەنگ بین بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆرستان."
رێکەوتننامەی ستراتیژی نێوان پارتی و یەکێتیی
لە وەڵامی ئەوەی بۆ دۆخی ئێستا چی بەسەر رێككەوتننامەی ستراتیژی دێ، لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتیی مەلا بەختیار گوتی: "رێككەوتنەكە بەپێی هەلومەرجی ئێستا پێویستی بە پێداچوونەوە و نوێكردنەوە و گۆڕانكاری هەیە. دوو ساڵیش بەر لە ئێستا لە كۆبوونەوەی نێوانماندا باسمان لەوەكردووە بۆیە لیژنەیەكیشمان لە نێوانماندا پێكهێناوە بۆ پتەوكردنەوەی پەیوەندییەكانی نێوانمان و گەڕانەوەی ئاستی پەیوەندییەكان بۆ دۆخی باشی جاران."
گوتیشی: "لە كۆبوونەوەكەدا هەردوولا بە راشكاوی گلەیی و گازندەكانی خۆمان خستەڕوو و گفتوگۆمان لەوبارەیەوە كرد."
لە وەڵامی پرسیارێكی پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو دەربارەی ئەوەی گوتەبێژی ئەنجومەنی ناوەندی یەكێتیی لە دیمانەیەكی ئانادۆڵودا گوتویەتی "ئەگەر رێككەوتنەكە ئاوابێ نەمێنێ باشترە." ئایا ئەمە رای مەكتەبی سیاسیشە، مەڵا بەختیار رایگەیاند كە بەپێی پەیڕەوی پەسەندكراوی كۆنگرە، مەكتەبی سیاسی یەكێتیی سیاسەتی حزب دیاری دەکا و دایدەڕێژێ و ئەوەی رەسمی بێ گفتوگۆكانی ناو ئەو كۆبوونەوانەیە و گوتی: "برادەرانی ئەنجومەنی ناوەندیش لە پەرۆشی و دڵسۆزییان بۆ یەكێتیی ئەو رایانە دەردەبڕن، بەڵام تای مەكتەبی سیاسی رەسمییە."
دەربارەی ئەو دیلە پێشمەرگانەی لای داعشن، ئایە هەوڵی رزگاركردنیان دەدەن، نێچیرڤان بارزانی گوتی: "ئێمە هیچ رێگەیەكمان لەبەردەستدا نییە بۆ رزگاركردنی ئەوانە."
راشیگەیاند کە "بە هیچ جۆرێك مومكین نییە حكومەتی هەرێم دانوستان و مامەڵە لەگەڵ هێزێكی تیرۆریستی دژ بە مرۆڤایەتی ئەنجامبدا."