مەخمور
زیاتر لە چوار مانگە شەڕی چەكدارانی داعش بەرامبەر ھێزەكانی پێشمەرگە، لەهەشت میحوەر دەستی پێی كردووە بەڵام لە ئێستادا چەكدارانی داعش لە زۆربەی میحوەرەكان تێكشكاون و پاشكەشەیان كردووە.
پێشتر پێشڕەوی ئەو ھێزە كوردیانە بەھاوكاری فڕۆكە جەنگییەكانی ئەمریكا بوو بەڵام ئێستا ئەوان بە بێ شەڕی فڕۆكە سەركەوتنی باش بەدەست دەخەن و لە سنووری مەخمور و گوێر توانیویانە تەوای ناوچە كوردییەكان كونترۆڵ بكەنەوە.
ئەگەرچی چەكدارانی داعش لە سنووری پارێزگای نەینەوا و دەوروبەری دەستپێشخەربوون لە ھێرشكردنە سەر ھێزەكانی پێشمەرگە، كەچی لە ماوەیەكی كەمدا پێشمەرگە توانی ئەو ئاراستەیە بگۆڕێ، بە تایبەتی لە سنووری قەزای مەخمور، پێشمەرگە رۆژ بە رۆژ سەركەوتن بە دەست بھێنێ. بە جۆرێ، رۆژئاوای مەخمور و قەراج و گوندەكانی دەوروبەریان بە تەواوی لە ژێر كۆنترۆڵی پێشمەرگەی كوردستاندایە و ھەروەھا لە رۆژھەڵاتیش تا گوندەكانی دووگردكانی حاجی حسین لە ژێر دەسەڵاتی پێشمەرگەن.
بە پێی زانیارییەكانی پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو، چەكدارانی داعش دوای شكستھێنان ھەموو رێگا و دەوروبەری گوندەكان مینڕێژ دەكەن و دواتر بە توپ و گوللەھاون بۆردومانی ئەو ناوچانە دەكەن بۆ ئەوەی بۆمبەكانیان لە نێو پێشمەرگە بتەقنەوە و دوبارە ھێرش بكەن، بەڵام تا ئێستا چەندین ھەوڵ و ھێرشی ئەو چەكدارانە تێكشكێنراوە.
تیمەكانی پوچەڵكردنەوەی بۆمب كە بە ھەندسەی پێشمەرگەی كوردستان ناسراون، بەردەوام سەنگەرەكانی پێشمەرگە لە دەوروبەری مەخمور لە بۆمبی چێنراو و مین پاكدەكەنەوە.
زریان شێخ وەسانی بەرپرسێكی سەربازی لە میحوەری مەخمور لە دووگردكان بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئێمە چەندین سەنگەری چەكدارانی داعش مان لە نێو گوندەكان تێكشاندووە بە جۆری لە ٨ی ئەو مانگە بە پاڵپشتی چەند ھێزێكی پێشمەرگە توانیمان دوا سەنگەری خومان و بازگەی دووگردكان لە رۆژھەڵاتی مەخمور كونترۆڵ بكەین بەڵام ھێشتا ئێمە و داعش لە بەرامبەر یەكترین و ھەر ساتێك ئەگەری شەڕ ھەیە."
ئەو فەرماندەیە ھەروەھا گوتی: "لەو سنوورە ئێمە توانیومانە بە گشتی ناوچە كوردییەكان كە پێشتر لە دەستمان بوون كونترۆڵ بكەینەوە، بەڵام ئەوان ھەمیشە لە ھەوڵی ئەوەدان كە زیان بە ئێمە بگەیەنن. خۆشبەختانە ھەموو ھەوڵی ئەوان تێكشكاون و پێشمەرگە سەركەوتنی باش بەدەست دەخات."
زریان گوتی: "ئەو شوێنانەی كە پێشمەرگە كۆنترۆڵی دەكەن زۆربەی ھەرە زۆری بومبڕێژكراون و تیمەكانی ھەندسە بەردەوامن لە پاك كردنەوەی رێگا و سەنگەرەكانمان و تا ئێستا زیاتر لە ٢٠٠ عبوە ھەڵگیراوە و زیاتر لە ٥٠ش تەقێنراونەتەوە."
شێخ وەسانی دەڵی ترسی ئەوە هەبوو كە بوونی داعش لە سنووری ئێمە كارەساتی لێبكەوێتەوە بە تایبەتی لە بواری كشتوكاڵی ئەگەری ئەوە هەبوو دەستی بەسەر بیرە ئاوەكان رابگا و ژەهراویان بكات بەڵام وەك ھێزی پێشمەرگە توانیومانە ئەو ترسە لابدەین.