Heman Hussein Yaseen
10 ئادار 2024•نوێکردنەوە: 12 ئادار 2024
هەولێر - AA
بەرپرسی ھۆبەی پارتە سیاسییەکان لە لقی ھەولێری کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند کە ١٤ی ئەم مانگە دوا وادەیە بۆ وەرگرتنی ناوی کاندیدانی سەربەخۆ و، لە ١٣ی مانگیشەوە تا ٢٢ی مانگ دەرفەتە بۆ پێشکەشکردنی لیستی ناوی کاندیدان بۆ ھەڵبژاردنی خوولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان - عێراق.
ڕۆژی ٣ی ئاداری ٢٠٢٤ سەرۆکی ھەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی، فەرمانی ھەرێمی بۆ دیاریکردنی ڕۆژی ھەڵبژاردنی داھاتووی پەرلەمانی کوردستان واژوو کرد، بەپێی فەرمانەکە ڕۆژی ١٠ی حوزەیرانی ٢٠٢٤ بە وادەی ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی گشتی بۆ خوولی شەشەمی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاریکراوە.
بەرپرسی ھۆبەی پارتە سیاسییەکان لە لقی ھەولێری کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق، فەرھاد ئەسعەد، چۆنیەتی دابەشکردنی ١٠٠ کورسییەکەی خوولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستانی بە سەر ھەر چوار پارێزگاکەی ھەرێم ئاشکراکرد و جەختی لەوەشکردەوە کە تا ئەمڕۆ نزیکەی ٢٩ کەس فۆڕمی کاندیدی سەربەخۆ و حەفت کەسیش فۆڕمی کاندیدی پارتە سیاسییەکانیان وەرگرتووە.
فەرھاد ئەسعەد ئاشکرایشی کرد کە بۆ ھەڵبژاردنی شەشەمین خوولی پەرلەمانی کوردستان ١٠٠ کورسییەکەی پەرلەمان بەمشێوەیە بەسەر پارێزگاکان دابەشکراوە بەجۆریک ٣٤ کورسی بۆ پارێزگای ھەولێر، ٣٨ کورسی بۆ پارێزگای سلێمانی، ٢٥ کورسی بۆ پارێزگای دھۆک و سێ کورسیش بۆ پارێزگای ھەڵەبجە دەبێت.
ھەر لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا لەبارەی ڕسوماتی بەشداریکردن لە ھەڵبژاردنی پەرلەمان، فەرھاد ئەسعەد گوتی: "بۆ کاندیدە سەربەخۆکان تەنیا یەک ملیۆن دینارە، بەڵام بۆ کاندیدانی پارت و ھێزە سیاسییەکان، ھەر یەکێک پێنج ملیۆن دینارە، ڕسوماتی بەشداریکردن بۆ ھاوپەیمانێتییەکانیش ١٠ ملیۆن دینارە، ھەروەھا پێویستە کاندید ٢٥ ساڵی تەمەنی تەواو کردبێت".
جەختیشی لەوە کردەوە، ڕێگە بە خۆکاندیدکردنی ئەو کەسانەش نادرێت کە لە ناو حزبی بەعسی هەڵوەشاوەدا چالاکی هەبووبێت.
بە گوتەی فەرھاد ئەسعەد، دانیشتووانی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ھەرێم، مافی خۆ کاندیدکردنیان نابێت لەم ھەڵبژاردنی ئەم خوولەی پەرلەمانی کوردستان.
ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد کە ڕۆژی پێنجشەممە ١٤ ی مانگ دوا وادەیە بۆ وەرگرتنی ناوی کاندیدانی سەربەخۆ یان ھێزە سیاسییەکان یان کاندیدی ھاوپەیمانێتییەکان، جەختی لەوەشکردەوە کە لە ١٣ی ئەم مانگەوە تا ٢٢ی ئەم مانگ دەرفەتە بۆ پێشکەشکردنی لیستی ناوی کاندیدان.
فەرھاد ئەسعەد گوتیشی: "دەبێت کاندیدەکان بەربەستە یاساییەکانی کۆمیسیۆن تێپەڕێنن بۆ ئەوەی کاندیدبوونیان پەسەند بکرێت، لە نێویاندا پاکانەی دەستەی دەستپاکی، بۆ ئەمەش دەبێت ھەر کاندیدێکی سەربەخۆ یان ھێزی سیاسی و ھاوپەیمانێتی دەبێت پاکانەی خۆی بە کۆمیسیۆن بدات، بە ھەمان شێوە دەبێت کاندیدەکان پێشینەی تاوان و یاساییان نەبێت".
دەربارەی ئەوەی تا ئێستا چەند کاندید لە نووسینگەی ھەولێری کۆمیسیۆن خۆیان تۆمار کردووە، بەرپرسی ھۆبەی پارتە سیاسییەکان لە لقی ھەولێر کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق، فەرھاد ئەسعەد گوتی: "تا ئێستا نزیکەی ٢٩ کەس ھاتوون فۆڕمی کاندیدی سەربەخۆبوونیان وەرگرتووە و بە ھەمانشێوەش حەوت کاندیدی پارتە سیاسییە سەردانی نووسینگەی ھەولێری کۆمیسیۆنیان کردووە، بەڵام ھیچ کەسێک سەردانی کۆمیسیۆنی نەکردووە بۆ پڕکردنەوەی کاندیدی ھاوپەیمانێتی.