لە کاتێکدا ھەر نۆ ئەندامەکەی کۆمیسیونی باڵای ھەڵبژاردن و راپرسی هەرێمی کوردستان لە ئەنجوومەنی دادوەریی سوێندی یاساییان دەخوارد، بەشداربووانی گردبوونەوەکە پێنج ئامێری سەعاتیان لەبەردەم تەلاری ئەنجوومەنەکە دانابوو و زەنگەکانیان لێیدەدا.
بەشداربووان دەیانگوت ئەو سەعاتانە گوزارشتن لەوەی پەرلەمان و ئەنجوومەنی دادوەریی هەرێم بە شێوەیەک بەڵێنیان داوە وەک خەون وا بووە و با لەو خەونە ھەستن.
یەکێک لە بەشداربووانی گردبوونەوەکە بە ناوی نیاز عەبدولڵا کە چالاکوانی مەدەنییە، بە پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند لە سەرتاوە رەخنە و سەرنجیان لەسەر یاسای ژمارە چواری ٢٠٠١٤ی ھەڵبژاردن و راپرسی هەبووە.
نیاز عەبدولڵا روونیشی کردەوە کە هەمان ئەو کەموکوڕییانەی لە یاسا عێراقییەکەدا هەیە لە یاساکەی هەرێمی کوردستان دووبارە کراوەتەوە، کە دیارترینیان بریتییە لە دابەش کردنی پۆستەکان لەسەر بنەمای حزبی.
ئاماژەی بەوەش کرد کە نزیکەی ٢٠٠ سیڤی بۆ ئەو پۆستانە پێشکەش کراون بەڵام لە کۆتاییدا تەنیا نۆ ئەندام ھەڵبژێردراوە کە بریتین لە ئەندامانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، پارتی دیموکراتی کوردستان، بزووتنەوەی گوڕان، کۆمەڵی ئیسلامیی و یەکگرتووی ئیسلامیی.
جەختیشی کردەوە کە ئەو شێوە دابەش کردنە بە ھەموو شێوەیەک رەت دەکەنەوە.
ھەروەھا لە بارەی کەمینەکانەوە گوتی: "ئەوانیش بێبەش بوون لەو کۆمیسیۆنە و پشتیوانی ئێمەن بوون".
بەشداربووان داوایان دەکرد ئەو کۆمیسیۆنە دوور بێت لە بیر و بۆچوونی حزبی.