Sangar Hamad Azeez
31 ئادار 2017•نوێکردنەوە: 05 نیسان 2017
سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس جەختی کردەوە لەوەی کە هاووڵاتیانی مووسڵ نەهامەتی زۆریان چەشتووە، گوتی: "حکوومەتی هەرێم و نەتەوە یەکگرتووەکان و رێکخراوە ناحکوومییەکان هەوڵێکی جددیان داوە سەبارەت بە بابەتەکە بەڵام بە پێی پێویست لەلایەن کۆمەڵگای نێودەوڵەتییەوە پشتیوانی نەکراون".
گۆتێرێس لەمیانی سەردانەکەی بۆ هەرێمی کوردستان، سەردانی کەمپی حەسەن شام لە رۆژهەڵاتی مووسڵ کرد کە تیایدا ئاوارەکانی ئەو شارەی لێ نیشتەجێ کراوە.
گۆتێرێس سەردانی کەمپەکەی کرد و لە نزیکەوە چاوی کەوت بە ئاوارەکان و دواتر کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی سازکرد.
ناوبراو جەختیکردەوە لەوەی کە پاڵپشتی هاووڵاتیانی مووسڵ دەکەن و گوتی: "دەزانین کە بەهۆی هەڕەشەی تیرۆر و ئۆپەراسیۆنەکان بە بارودۆخێکی زۆر ناخۆش تێ پەڕدەبن. تاوەکو شارەکە بەتەواوەتی لە دەستی تیرۆر رزگار بکرێت ئۆپەراسیۆنەکان درێژەیان دەبێت. هەربۆیە دەزانین ئازارەکانی هاووڵاتیان بۆ ماوەیەک بەردەوام دەبن".
سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بانگەوازی بۆ کۆمەڵگای نێودەوڵەتی کرد کە بە هانای مووسڵەوە بێن و گوتی: "حکوومەتی هەرێم و نەتەوە یەکگرتووەکان ناتوانن بە پێی پێویست کۆمەکی ئاوەرەکانی ئەو شارە بکەن، دەبێت لانی کەم بارودۆخی هاووڵاتیانی سڤیل باشتر بکرێت و قەرەبوو بکرێنەوە. دەبێت بارودۆخی ئەو ئاوارانە باشتر بکرێت، دوای رزگارکردنەوەی موسڵ دەبێت کۆمەڵگایی نێودەوڵەتی زیاتر کۆمەکی ئەو شارە بکات".
گۆتێرێس ئاماژەی بەوە کرد کە ئێستا کاتی ئەوەیە کۆمەڵگای مەدەنی کاری هاوبەش لەگەڵ هێزەکانی عێراق بکات و گوتی: " بەداخەوە بەرنامەکانی ئێمە تەنیا لە سەدا ٨ی سەرچاوەکانی دڵنیا کراوەتەوە ، بە بەراورد بەو تراژیدیایەی کە هاووڵاتیان رووبەڕووی دەبنەوە زۆر کەمە، لەوەوە نیشان دەدات کە تواناکانمان سنووردارە".
ناوبراو تیشکی خستە ئەوەی کە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە مووسڵ بێت یا لە هەر شوێنێکی جیهان جیاوازی نییە و گوتی: "لەبەر ئەوەی تیرۆر هەرەشەیەکی جیهانییە، لەمرۆژەدا رێکخراوە تیرۆریستییەکان بەیەکەوە پەیوەندییەکان هەیە".
سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس بەر لە هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدای کرد و لەگەڵ سەرۆکۆماری عێراق، فوئاد مەعسوم و سەرۆکوەزیرانی ئەو وڵاتە حەیدەر عەبادی کۆبوویەوە. دواتر سەردانی هەرێمی کوردستانی کرد و لەگەڵ سەرۆکی هەرێم مەسعود بارزانی کۆبوویەوە.
هەریەک لە وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق، جاسم محەمەد و وەزیری ناوخۆی هەرێمی کورستان، کەریم شنگالی و رێکخەری کارە مرۆییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق، لیزا گراند و بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان، فەلاح مستەفا و پارێزگاری هەولێر، نەوزاد هادی یاوەری گۆتێرێس-یانکرد.