بەرشەلۆنا
دەسەڵاتی ھەرێمی كاتالۆنیا بۆ ئەو رێفراندۆمەی كە دەیەویست 9ی تشرینی یەكەم بۆ سەربەخۆیی ئەنجامی بدا بەڵام حكومەتی ئیسپانیا و دادگای دەستووری ئەو وڵاتە رێگرییان لێكرد، گوشارەكانی بۆ سەر حكومەتی ئیسپانیا زیاتر كردووە.
كاتالۆنیا كە چاوەڕوانی ئەنجامی رێفراندۆمی سەربەخۆیی سكۆتلەندا و ھەڵوێستی وڵاتانی ئەوروپایی لەو بارەوە دەكات، ھاوكات ھەوڵ بۆ گەیاندنی دەنگی خۆی بۆ ئیسپانیا و جیھان دەدا، رۆژی ١١ی ئەیلوولی ساڵی ١٧١٤ كە رۆژی شكستی سوپای بۆورۆن و رزگار كردنی بەرشەلۆنایە ساڵانە وەكو جەژنی نەتەوەیی (دیادا) سەیر دەكرێ و دانیشتوانی كاتالۆنیا رێز لەو شەھیدانە دەگرن كە لەو شەڕەدا گیانیان لەدەست داوە، ئەمساڵیش وەكو ساڵانی رابردوو ھەوڵدان و داواكاری بۆ سەربەخۆیی بابەتی سەرەكی ئەو جەژنە بوو.
ئارتور ماس سەرۆكی دەسەڵاتی ئۆتۆنۆمی ھەرێمی كاتالۆنیا لە دیدارێكی تەلەفزیۆنیدا راستەوخۆ پەیامی ئاراستەی حكومەتی ئیسپانیا كرد و گوتی: ھێشتا كات ھەیە بۆ ئەوەی گوێ لە دەنگ و داواكارییە دیموكراتیك و ئاشتیخوازەكەی خەڵكی كاتالۆن بگیردرێ. بێدەنگ كردنی خەڵكی كاتالۆن ھەڵەیە و رێز نەگرتن لە ئیرادەی ئەو كەسانە كە دەیانەوێ بە دەنگدان و لە رێگای سندوقەوە كێشەكان چارەسەر بكەن دوو جار ھەڵەیە، خەڵكی كاتالۆن دەیەوێ قسە بكات و گوێ لێ بگیردرێ و دەنگی خۆی بدات چونكە نایەوێ ببێتە بەربەست لە بەردەم چارەسەریدا.
ماس لە لایەكی دیكەوە لە لێدوانێكی چاپەمەنیدا بە بۆنەی چالاكییەكانی جەژنەوە، حكومەت و سەرۆكوەزیرانی ئیسپانیای بەوە تاوانبار كرد كە ناتوانێ لە بەرامبەر ئاڵۆزترین پرسی سیاسی وڵاتدا ھیچ جۆرە دەستپێشخەرییەكی سیاسی بكات و ھەوڵدان بۆ چارەسەر كردنی پرسێكی سیاسی لە چوارچێوەی دارشتنەوەی یاساییدا ھەڵەیە چونكە پرسە سیاسییەكان بە سیاسەت كردن چارەسەر دەكرێن نەك بە ھەڕەشە كردن و یاساكان.
چاوەڕوان دەكرێ لەو چالاكییانەدا كە بە بۆنەی جەژنی دیاداوە لە شاری بەرشەلۆنا رێكدەخرن خۆپیشاندان بۆ سەربەخۆیی ئەنجام بدرێ و گەورەترین چالاكی لەو چوارچێوەیەدا لە ھەر دوو جادەی ناوەڕاستی شاری بەرشەلۆنادا بە شێوەی حەفت دەكرێ كە چاوەڕوان دەكرێ ٥٠٠ ھەزار كەس تێیادا بەشدار بێ.
لە لایەكی دیكەوە دوای رەتكردنەوەی ھەوڵدانەكانی دەسەڵاتی كاتالۆنیا بۆ ئەنجامدانی رێفراندۆم لە نوی تشرینی یەكەمی ئەمساڵ لە لایەن پەرلەمان و دادگای دەستووری ئیسپانیاوە، بۆ ئەوەی رێفراندۆمەكە لە چوارچێوەیەكی یاساییدا ئەنجام بدرێ پەرلەمانی كاتالۆنیا لە ھەوڵەكانی بەردەوام دەبێ. ھەروەھا ئاماژە بەوە كراوە كە بڕیارە پەرلەمانی كاتالۆن ١٩ی ئەیلوول دەست بە گفتوگۆ كردن لەسەر ئەو یاسایەی رێفراندۆم بكات كە لە لایەن حكومەتی ئیسپانیاوە ئامادە كراوە. ھەر چەند دەگوترێ ئەو یاسایە پەسەند دەكرێ بەڵام چاوەڕوانی ئەوەش دەكرێ كە دادگای دەستووری ئیسپانیا لە دژی ئەو ریفراندۆم، بڕیارێك دەربكات.