هەولێر
ئەو شاندە 41 كەسییەی یەكێتی لەسەر ئەرك و راسپاردەی دەزگای هەڵبژاردنی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە توركیان.
هاوسەرۆكی شاندەكەی یەكێتی نیشتمانی كوردستان پەرێز عومەر لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئێمە لەسەر داوای دەزگای هەڵبژاردنی یەكێتی نیشتمانی كوردستان كە 41 كەس دەبین هاتووین بۆ توركیا بۆ ئەوەی لە روونكردنەوەی بەرنامەی هەڵبژاردنی هەدەپە بەشداری بكەین و پاڵپشتیی هەدەپە بكەین و خەڵك هان بدەین بۆ دەنگدان بەو حزبە كوردییە".
پەرێز گوتیشی: "ئێمە بەرەسمی لەلایەن یەكێتی نیشتمانی كوردستانەوە پاش هەماهەنگی لەگەڵ هەدەپە هاتووین بۆ توركیا و بە چەند تیمێك دابەشی سەر شارەكانی كوردی لە توركیا بووین و لەگەڵ سەركردە و نوێنەرەكان و پاڵێوراوانی هەدەپە دەگەڕێین بۆ كۆكردنەوەی پشتیوانی بۆ هەدەپە".
هەروەها گوتیشی: "شاندەكەمان لە 20ی ئەم مانگەوە هاتووین بۆ توركیا، دەمانەوێت ئەوە بە كوردستانییان لە باكوور بڵێین كە كوردستان یەكە و لە كوێ شتێك هەبێت پارچەكانی دیكەی كوردستان لەوێن، دەمانەوێت بڵێین چۆن لە رووی سەربازییەوە لە كۆبانێ و شەنگال كورد یەك بوو، لە هەڵبژاردنیش یەكە و هەموومان كار بۆ سەركەوتنی هەدەپە دەكەین".
هاوسەرۆكی شاندەكەی یەكێتی نیشتمانی كوردستان روونیشیكردەوە: "لە كۆبوونەوە جەماوەرییەكاندا باسی ئەوە دەكەین كە سنوورەكانی كوردستان كاڵ بوونەتەوە، وە دەبێت دەنگ بۆ هەدەپە بدرێت تا لە هەڵبژاردنەكان رێژە و كورسیی زۆر بەدەست بهێنێت".
هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی توركیا بڕیارە لە حەوتی حوزەیرانی داهاتوو ئەنجامبدرێت و بەپێی یاسای هەڵبژاردنەكان پێویستە هەر لایەنێك بەلانیكەم 10 لەسەدی دەنگی دەنگدەران بەدەست بهێنێت بۆ ئەوەی بچێتە پەرلەمانی ئەو وڵاتەوە.