هه‌ولێر
پرسی ویلایه‌تی سه‌رۆكی هه‌رێم له په‌رله‌مانی كوردستان. سه‌رۆكایه‌تی و سه‌رۆكی فراكسیۆنه‌كانی كۆكرده‌وه، ئه‌مجاره‌یان هه‌موولایه‌ك ده‌یانه‌وێت، به سازان بابه‌ته‌كه یه‌كلایی بكه‌نه‌وه، چونكه پێیان وایه نابێت له ناوه‌ڕاستی مانگی ئابی ئه‌مساڵ بۆشایی یاسایی دروست ببێت له هه‌رێمی كوردستان.
ساڵی 2013 لایه‌نه‌کانی سیاسی، له په‌له‌مانی كوردستان له‌سه‌ر درێژكردنه‌وه‌ی ولایه‌تی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، مه‌سعود بارزانی بۆ دوو ساڵ به‌پێی یاسا رێككه‌وتن.
به‌پێی یاسای ژماره 19ی ساڵی 2013 یاسایی درێژكردنه‌وه‌ی ویلایه‌تی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، له ماده‌ی یه‌كه‌مدا هاتووه. ویلایه‌تی سه‌رۆكی هه‌رێم له 20.8.2013 ته‌واو ده‌بێت، به‌رده‌وام ده‌بێت، درێژ ده‌كرێته‌وه تا 19.8.2015 كه ئیتر بۆ دووه‌م جار درێژ ناكرێته‌وه.
له ئێستادا پێش ته‌واوبوونی ماوه‌ی ویلایه‌تی سه‌رۆكی هه‌رێم فراكسیۆنه‌كان له په‌رله‌مانی كوردستان، گفتوگۆ سه‌باره‌ت به‌و پرسه ده‌كه‌ن.
رۆژی یه‌ك شه‌ممه بۆ هه‌مان مه‌به‌ست به‌سه‌رۆكایه‌تی سه‌رۆكی په‌رله‌مان، یوسف محه‌مه‌د و جێگری سه‌رۆك جه‌عفه‌ر ئیبراهیم سه‌رپه‌رشتی یه‌كه‌م كۆبوونه‌وه‌ی سه‌رۆكی فراكسیۆنه‌كانی كرد سه‌رۆكی فراكسیۆنه‌كانیش زیاتر جه‌ختیان له‌سه‌ر سازانی نێوان لایه‌نه‌كان ده‌كه‌نه‌وه.
سه‌رۆكی فراكسیۆنی پ.د.ك له په‌رله‌مانی كوردستان، ئومێد خۆشناو بۆ ئانادۆڵو گوتی "هیچ بڕیارێك نه‌دراوه، له‌كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ قسه له‌سه‌ر ئه‌وه كراوه پرسی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان، به دوو شێواز چاره‌سه‌ری هه‌یه یه‌كێكیان ئه‌وه‌یه سبه‌ی رۆژی دوو شه‌ممه لیژنه‌ی ده‌ستوور كۆده‌بێته‌وه، هه‌روه‌ها لایه‌نێكی تریش یاسای سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم ئه‌و یاسایه به‌ركاره و كاری پێده‌كرێت".
ناوبراو گوتیشی: "هیچ لایه‌نێك داوای نه‌كردوه، ویلایه‌تی سه‌رۆكی هه‌رێم درێژ بكرێته‌وه، یاخود شتێكی تر پێمانوایه ئه‌و بابه‌ته ده‌ستوورییه و ده‌ستووریش ده‌بێ چاره‌سه‌ری بكات".
هه‌روه‌ها سه‌رۆكی فراكسیۆنی ی.ن.ك له په‌رله‌مانی كوردستان، بێگه‌رد دڵشاد بۆ ئانادۆڵو رایگه‌یاند: "نامانه‌وێت هه‌رێمی كوردستان له 19ی ئاب رووبه‌ڕووی بۆشایه‌كی یاسایی ببێته‌وه، به‌ڵكو ده‌مانه‌وێت هه‌موولایه‌كمان به سازان له‌سه‌ر پرسی ویلایه‌تی سه‌رۆكی هه‌رێم رێك بكه‌وین".
ناوبراو لە کۆتاییدا گوتیشی: "نامانه‌وێت پێچه‌وانه‌ی یاسا پرسه‌كه یه‌كلایی ببێته‌وه، دوای ئه‌وه‌ی فراكسیۆنه‌كان بۆچوونی حزبه‌كانی خۆیانیان وه‌رگرت، ئێمه‌ش وه‌كو یه‌كێتی كه پرسی حزبی خۆمان وه‌رگرت هه‌ڵوێست و پێشنیارمان ئاشكرا ده‌كه‌ین".