ھەولێر
بەپێی پەیڕەوی ناوخۆ و یاسای ھەڵبژاردنەکان دەبێ سەرۆک و جێگر و سکرتێری پەرلەمان لەیەکەم دانیشتنی خولی نوێیدا ھەڵبژێردرێن، بەڵام ئەمە لە دانیشتنەکەی ٦/١١ روونادات.
بەپێی پەیڕەوی ناوخۆ و یاسای ھەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی ھەرێم، دانیشتنی یەکەمی خولی نوێی پەرلەمان لەدوای ھەڵبژاردن سێ ئەرکی سەرەکی ھەیە دەبێ لەو دانیشتنەدا یەکلایی بکرێنەوە. ئەوانیش:
- سوێند خواردن.
- دیاریکردنی کاتی کۆبوونەوەکانی خولەکە.
- ھەڵبژاردنی سەرۆک و جێگر و سکرتێری پەرلەمان کە گرنگترینیانە.
درەنگکەوتنی لایەنە براوەکان لە پێکھێنانی حکومەت و پەیکەری پەرلەمان دانیشتنی یەکەمی پەرلەمان رۆژی چوارشەممە ٦/١١ بەکراوەیی دەھێلێتەوە، ئەمەش ھاوکات پێشێلکردنی یاسای ھەڵبژاردنی پەرلەمان و پەیڕەوی ناوخۆکەشییەتی.
عەدنان موفتی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بۆِ AA گوتی: "دانیشتنی یەکەمی پەرلەمانی کوردستان بەکراوەیی دەمێنێتەوە، تا ئێستا ی.ن.ک و پ.د.د ھیچ رێکەوتنێکیان لەگەڵ حیزب و لایەنەکانی دیکەدا نییە بۆ پێکھێنانی حکومەتی داھاتوو بۆیە دانیشتنی یەکەم بەکراوەیی دەمێنێتەوە تا لایەنەکان دەگەنە رێکەوتن."
موفتی کە سەرۆکی خولی دووەمی پەرلەمانی کوردستان بوو لەنێوان ٢٠٠٥ تا ٢٠٠٩ پێیوایە ئەوەی بەسەر دانیشتنی یەکەمی پەرلەماندا دێ کە وا بڕیارە چوارشەممەی داھاتوو یەکەمین دانیشتنی خولی نوێی دوای ھەڵبژاردنەکەی ئەیلولی رابردوو ببەستێ، ساڵی ٢٠١٠ بەسەر پەرلەمانی عێراقیشدا ھات، ئەوان بۆ رێککەوتن لەسەر پێکھێنانی حکومەت دانیشتنی یەکەمیان بەکراوەیی ھێشتنەوە.
عەلی حەمە ساڵح، کاندیدی دەرچووی بزووتنەوەی گۆڕان بۆ پەرلەمانی کوردستان لەلێدوانێکدا بۆ AA گوتی: "ھێشتنەوەی دانیشتنی یەکەمی پەرلەمان بەپێی پەیڕەوی ناوخۆ و یاسا کارپێکراوەکانی دیکە، یاسا شکێنییە و ئێمەش لەگەڵ یاسا شکێنیدا نیین."
عەلی باسی ئەوەی کرد ھیچ حزب و لایەنێک تا ئێستا دەرگای گفتوگۆکانی بۆ پێکھێنانی حکومەت و پەیکەری پەرلەمانی لەگەڵ بزووتنەوەکەیدا کە بە ٢٤ کورسیی پەرلەمانییەوە دووەم گەورەترین ھێزی کوردستانە، نەکردووەتەوە. ھۆشداریی دا لەوەی یەکێتی و پارتی بەنھێنی تا رۆژی چوارشەممە بەرێککەوتنی نھێنی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان و دواتریش حکومەت بەبێ ئۆپۆزسیۆن پێکبێنن.
فاکتەری پاڵنەر بۆ نەگەیشتنی لایەنە براوەکانی ھەڵبژاردن بە رێکەوتن، گۆڕانی نەخشەی سیاسیی لایەنەکانە و کەوتنەوەی ئەنجامەکانییەتی بەشێوەیەکی چاوەڕواننەکراوی ئەوتۆ کە ھیچ لایەنێک بەتەنیا ناتوانێ حکومەت پێکبھێنێ و قورسایی ئۆپۆزسیۆن بە ٤٠ کورسییەوە پێکھێنانی حکومەت لە دوو لایەنیش لاواز دەخاتەوە.
مەولود باوەموراد، سەرۆکی لیستی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان پێیوایە ھێشتنەوەی کۆبوونەوەی یەکەمی پەرلەمان بەکراوەیی، بووەتە عورفی ئەو وڵاتانەی کێشەی پێکھێنانی کابینەی حکومەت و پەیکەری پەرلەمانی ھەیە کە ھەرێمیش وەکو ئەو وڵاتانەی لێ ھاتووە، باوەموراد بۆ AA گوتی: "پێشبینی دەکەم پێکھێنانی حکومەت و پەیکەری پەرلەمان زیاتر لە چەند حەفتەیەکیش بخایەنێ. ھێشتنەوەی دانیشتنەکە بەکراوەیی، پینەیەکە بۆ ئەو واقیعەی ھەیە، باشە ئەگەر ئەو پێشێلکارییە نەکرێت چی بکرێ؟"
بەپێی یاسای سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان ژمارە ١ی ساڵی ٢٠٠٥ لەماوەی دە رۆژ لەدوای راگەیاندنی ئەنجامی کۆتایی ھەڵبژاردن، فەرمانی بانگھێشتی یەکەم کۆبوونەوەی پەرلەمان دەردەکرێ، ئەگەر بانگھێشتیشی بۆ دەرنەکرا، ئەوا پەرلەمان رۆژی یانزەیەم کۆ دەبێتەوە.
بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان بەتەمەنترین کاندیدی دەرچوو سەرۆکایەتی یەکەم کۆبوونەوەی پەرلەمانی پاش ھەڵبژاردن دەکات.
کۆبوونەوەکە سێ ئەرکی سەرەکی ھەن، سوێندخواردن کە کاندیدەکان دەگوێزێتەوە بۆ پەرلەمانتار، دیاریکردنی کاتی کۆبوونەوەکانی خولەکە، ھەڵبژاردنی سەرۆک و جێگر و سکرتێری پەرلەمان بە دەنگدانی نھێنی.
گۆران ئازاد، کاندیدی سەرکەتووی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بۆ AA دەڵێ: "بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان دانیشتن ٢٤ سەعاتەو نایاساییە دانیشتن بەکراوەیی بمێنێتەوە، شتێک نییە بەناوی دانیشتنی بەکراوەیی، بۆیە ئەگەر لەدانیشتنی یەکەم لایەنەکان نەیانتوانی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان پێکبێنن ئەوا دەبێ دانیشتنەکە بۆ سبەینێ یان دوو سبەینێ بکرێ. ئەوە زۆر دژی پەیڕەوی ناوخۆیە."
بەپێی زانیارییەکان تا ئێستا ھیچ رێکەوتنێک لەنێوان پێنج لایەنە براوەکەی ھەڵبژاردن نییە کە پارتی، گۆڕان، یەکێتی، یەکگرتوو، کۆمەڵ دەگرێتەوە.
شوکریە شێخانی، کاندیدی سەرکەوتووی کۆمەڵی ئیسلامی بۆ پەرلەمانی کوردستان دەڵێ کۆبوونەوەی یەکەمی پەرلەمان کە بەکراوەیی دەھێڵرێتەوە مانگێک یان زیاتری پێدەچێ، گوتی: "دەبوو لایەنە براوەکانی ھەڵبژاردن پێشتر بەخۆ کەوتبان و پەلەیان لەرێککەوتن لەسەر پێکھێنانی کابینەی ھەشتەم کردبا."
کاندیدەکەی کۆمەڵ ئەوەش ئاشکرا دەکات: "تا ئێستا ھیچ رێکەوتنێک لەنێوان لایەنە سیاسییەکاندا بۆ دابەشکردنی پۆستەکان و پێکھێنانی حکومەت لە ئارادا نییە."
سەعد خالید، وەزیری رێکخەری کاروباری نێوان پەرلەمان و حکومەت دەڵێ: "ئەنجامەکانی ھەڵبژاردن بەجۆرێکە ئاسان نییە کۆدەنگی لەنێوان لیستە براوەکان لەسەر سێ پۆستەکە ھەبێ، ئەنجامەکان چاوەڕواننەکراوبوو، ناکرێ لەنێوان دوو لیست ئەو پۆستانە یەکلایی بکرێتەوە و دواتر بڵێن حکومەتی بنکە فراوان، کۆبوونەوەی یەکەمی پەرلەمان تەنیا کۆبوونەوەی سوێند خواردن دەبێ."
بەکراوەیی ھێشتنەوەی کۆبوونەوەی یەکەمی پەرلەمان جگە لە خستنە دۆخی بۆشایی سیاسیی ھەرێم و پێشێلکاریی یاسا، چەندین یاسا دوادەخات دیارترینیان بودجەی ٢٠١٤یە.