Sangar Hamad Azeez,Sarmand Hameed
25 تەمووز 2016•نوێکردنەوە: 26 تەمووز 2016
میدیاکانی ئیتالیا باس لەوە دەکەن ناکۆکی کەوتووەتە نێوان راهێنەری یانەی ئینتەرمیلانی ئیتالی رۆبێرتۆ مانسینی و دەستەی کارگێری یانەکە و هەر بۆیەش پێشبینی دەکرێت ئەو راهێنەرە یانەکە جێبهێڵێت.
بە گوێرەی هەواڵێکی رۆژنامەکانی 'Corriere dello Spor' و 'La Gazzetta dello Sport'ی ئیتاڵی رۆژی شەممەی رابردوو رۆبێرتۆ مانسینی لەگەڵ ئەریک تۆهەری خاوەنی یانەکە کۆبووەتەوە لە چەند بابەتێک دا نەگەشتوونەتە یەک و هەر ئەمەش هۆکاری ئەوەیە کە بیر لە وازهێنان بکاتەوە.
هەر بە گوێرەی مێدیاکان، مانسینی داوای لە تۆهەر کردووە رێگە نەدات بە یاریزانە ئەستێرەکانی وەک ماورۆ ئیکاردی ریزی یانەکە جێبهێڵن بۆ یانەیەکی بەرزتر، هەروەها داوای چەند گرێبەستێکیشی لە ناوبراو کردووە.
مانسینی کە وەرزی رابردوو پەیوەندی بە ئینتەرمیلانەوە کرد بەهۆی نەبوونی ئەستێرەی پێویست لە یانەکەی نەیتوانی رکابەری یانەکانی یوڤانتوس و ناپۆلی بکات و پلەی چوارەمی بۆ ئینتەر بەدەست هێنا .
ئەمساڵیش چاوی لەوەیە چەند یاریزانێکی بەهێز و باش بهێنێتە ریزی یانەکەی بۆ ئەوەی رکابەری یانە گەورەکانی پێبکرێت و یاخود دەست لەکار بکیشێتەوە.