Hemn Baban
11 حوزەیران 2019•نوێکردنەوە: 12 حوزەیران 2019
ھەولێر - AA
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان، ئومێد خۆشناو راگەیاند کە لە میانی چەند کاتژمێری داھاتوو سەرۆکی ھەرێم، نێچیرڤان بارزانی، مەسرور بارزانی بۆ پێکھێنانی کابینەی نۆیەم رادەسپێرێت.
ئومێد خۆشناو لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا کە ئاژانسی ئانادۆڵوش رووماڵی دەکرد گوتی: "کۆبوونەوەی ئەمڕۆ سەرکەوتووانە کۆتایی پێ ھات و لە ئەمڕۆوە ھەنگاوەکانی پێکھێنانی کابینەی نۆیەم بەفەرمی دەستیپێکرد".
ئەو گوتیشی: "سوپاس بۆ ھەموو ئەو فراکسیۆنانەی کە ھاوپەیمانمان بوون و رێککەوتنمان ھەبوو و جێبەجێیان کرد و دەنگیان بە کاندیدی ئێمە دا. لە میانی چەند کاتژمێرێکی دیکەدا سەرۆکی ھەرێمی کوردستان دەسەڵاتە یاساییەکانی بەکاردەھێنێت و مەرسومی ھەرێمی بۆ راسپاردنی مەسرور بارزانی دەردەکات کە دوای راسپاردنی ٣٠ رۆژی لەبەردەست دەبێت بۆ پێکھێنانی کابینەی نوێ".
ئومێد خۆشناو هەروەها گوتی: "بەپێی ھەموو ئەو ئامادەکارییانەی کراون پێکھێنانی کابینەی نۆیەم مانگێک کەمتر دەخایەنێت و لەزووترین کاتدا کابینەکە دروست دەکرێت".
ئەمڕۆ سێشەممە پەرلەمانی کوردستان کاندیدی پارتی دیموکراتی کوردستان، مەسرور بارزانی بۆ پێکهینانی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی کوردستان ناوزەد کرد.