Sarmand Hameed
02 تشرینی یەکەم 2020•نوێکردنەوە: 02 تشرینی یەکەم 2020
هەولێر - AA
ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی عێراق بە سەرۆکایەتی سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان، مستەفا کازمی کۆبوونەوەیەکی نائاسایی ئەنجامدا و لە میانیدا تاوتوێی پێشهاتەکانی ئەمنی لە سەرتاسەری وڵات کرد.
بەگوێرەی راگەیەنراوێکی نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە میانی کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی توندوتۆڵکردنی رێککارەکانی ئەمنی پەیوەست بە پاراستنی باڵیۆزخانە و نێردە دیپلۆماتییەکان لە چوارچێوەی پابەندی عێراق بە پارێزگاییکردنیان لە چوارچێوەی پەیماننامە نێودەوڵەتییەکان بۆ نێردە دیپلۆماتییەکان کرا.
ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی عێراق تاوتوێی ئەو هێرشە مووشەکییەی کرد دوێنێ چوارشەممە کرایە سەر هەرێمی کوردستان و لەمبارەیەوە جەخت لەوە کراوەتەوە کە رێککاری توند لەبەرامبەر ئەو کارە دوژمناکارییە دەگیرێتەبەر بەو پێییە هەڕەشەیە بۆسەر ئاسایشی نیشتمانی و کۆمەڵایەتی، هاوکات جەخت لە زیادکردنی هەوڵی هێزە ئەمنییەکان بۆ دەستگیرکردنی ئەو کەس و لایەنانەی کە مووشەکەکان دەتەقێنن و لێپچینەوە لەو یەکە ئەمنییانەی کە لە ناوچەکانی سنووریان کاری تێکدەرانە دەکرێت ئەمەش لەپێناو سەپاندنی یاسا و پارێزگاری لە شکۆی دەوڵەت.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا باس لە دۆسیەی خۆپیشاندانەکان و چۆنییەتی مامەڵەکردن لەگەڵیاندا و پارێزگاریکردن لە خۆپیشاندەران لە چوارچێوەی یاسا و ئازادی رادەربڕین و خۆپیشاندانی ئاشتییانەدا.
لە میانی کوبوونەوەکەدا تاوتوێی کارەکانی لیژنەی دەرخستنی راستییەکان تایبەت بە کوژراو و بریندارانی خۆپیشاندانەکان لە خۆپیشاندەر و هێزە ئەمنییەکان کرا کە لەسەر فەرمانی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان، مستەفا کازمی پێکهێنراوە.
ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی عێراق تاوتوێی ئاسانکاری بۆ پێدانی ڤیزا بە وەبەرهێنەرانی بیانی کردووە لەگەڵ ئاسانکاری لە پێدانی ڤیزا بۆ سەردانکارانی عێراق کە سەرۆكوەزیرانی عێراق، مستەفا كازمی رەزامەندی لەسەر ئەوە نیشانداوە کە هەزار و ٥٠٠ هاووڵاتیی بیانیی بۆ بەشداریكردن لە رێوەرسمی چلەی ئیمام حوسێن، سەردانی عێراق بكەن و پەلەکردن لە جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە.