Heman Hussein Yaseen
14 مای,س 2020•نوێکردنەوە: 15 مای,س 2020
ههولێر - AA
گوتەبێژی پۆلیسی پارێزگای دیالە، عەمید نیھاد محەمەد ئاماژە بەوە دەکات کە ماوەیەکە بەھۆی بوونی بۆشایی ئەمنیی لەناوچەکە، جموجۆڵی چەکدارانی داعش زیادیکردووە و ھەر دوێنێ چوارشەممە، دە ھاووڵاتیی لە سێ کاتی جیاوازدا بەھۆی کردە تیرۆریستییەکانی داعش برینداربوون.
گوتەبێژی پۆلیسی پارێزگای دیالە، عەمید نیھاد محەمەد بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: ''کاتژمێر یەک و سی خوولەکی رۆژی ١٣ی ئایار، بە تەقە و ئاراستەکردنی نارنجۆک لەلایەن کەسانی نەناسراو بۆسەر سێ کەس لە گوندی ریعایە سەر بە ناوچەی سادە سەر بە ناحییەی عەبارە لە قەزای بەعقوبە سەربە پارێزگای دیالە کە لە کێڵگەیەکی بەخێوکردنی چێڵ دابوون، ھەرسێکیان برینداربوون و گوازرانەوە بۆ نەخۆشخانەی بەعقوبە''.
عەمید نیھاد محەمەد گوتیشی: ''کاتژمێر سێی رۆژی ١٣ی ئایار، سێ ھاووڵاتیی لە شارەدێی عەبارە سەر بە قەزای بەعقوبە لە رێگەی قەناسەوە بریندار کران و گوازرانەوە بۆ نەخۆشخانە بەعقوبە و دواتر ناوچەکە ھاوەن باران کرا''.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، گوتەبێژی پۆلیسی پارێزگای دیالە، ئەوەیشی خستەڕوو کە ھۆکاری ئەو ھەموو کردە تیرۆریستیانە بوونی بۆشایی ئەمنییە لە ناوچەکە و بوونی چەند گرووپێکی داعشە لە دەوبەری دیالە و گوتیشی: ''لە کاتژمێر شهش و نیوی رۆژی ١٣ی ئایار، بۆمبێکی چێنراو لە ناوچەی ئۆم حونتە لە ناحییەی گوڵاڵە سەر بە قەزای خانەقین سەر بە پارێزگای دیالە چەند کرێکارێکی کردە ئامانج کە لە کێڵگەکەیان بوون و بەھۆیەوە چوار برا کە ھەموویان ئەندامی یەک خێزانن، برینداربوون''.
لەبارەی بەرپەرچدانەوە لەلایەن ھێزە عێراقییەکان بۆ کردە تیرۆریستییەکانی داعش، گوتەبێژی پۆلیسی پارێزگای دیالە، نیھاد محەمەد گوتی: ''رۆژی ١٢ی ئایار، کاتژمێر دوو، ھێزەکانی بەرپەرچدانەوەی خێرا لە ناحییەی ئەبی سیدا سەربە قەزای میقدادییە، دوو کەسیان دەستگیرکردووە کە ١٢ گوللـە ئار بی جی و ژمارەیەک بۆمبی چێنراو و چەند پارچە چەکێک و سێ کلاشینکۆفیان پێبووە، دوای دەستگیرکردنیان رادەستی بنکەی پۆلیس لە ناحییەی ئەبی سیدا کران''.