Sarmand Hameed
18 تشرینی دووەم 2020•نوێکردنەوە: 19 تشرینی دووەم 2020
هەولێر - AA
جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بەشیر حەداد بەبۆنەی رۆژی زمان و کولتووری پێکھاتەی تورکمان، پیرۆزبایی ئاراستەی تەواوی پێکھاتەی تورکمانی لە ھەرێمی کوردستان و عێراق کرد و ھیوای خواستووە ئەو رۆژە ببێتە ھاندەرێک بۆ پاراستن و گەشەپێدانی زمان و کولتووری تورکمانی.
بەشیر حەداد لە پەیامێکدا کە بەبۆنەی رۆژی زمان و کولتووری پێکهاتەی تورکمان بڵاویکردووە، رایگەیاندووە "تورکمانەکان پێکھاتەیەکی سەرەکی و بنەڕەتی کوردستانن و ھەر لە دێر زەمانەوە توانیویانە لەگەڵ ھەموو پێکھاتەکانی دیکەی کوردستان بە ئاشتی پێکەوە بژین، کە ئەوەش بووەتە نمونەیەکی جوانی پێکەوە ژیان لە ھەرێمی کوردستان و ناوچەکە".
جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەبارەی گرنگی بڕیاری پەرلەمانی کوردستان بە دیاریکردنی رۆژی زمان و کولتووری تورکمان ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەو هەنگاوە بە ئامانجی دەوڵەمەندترکردنی کولتووری فرەییە لە ھەرێمی کوردستان.
رۆژی ١٢ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٠، پەرلەمانی کوردستان بە بڕیاری ژمارە (١)ی ساڵی ٢٠٢٠ پێشنیازەبڕیاری دیاریکردنی رۆژە فەرمییەکانی پێکھاتەی تورکمانی لە ھەرێمی کوردستان پەسەندکرد.
بەپێی بڕیارەکە، رۆژی ١٧ـی تشرینی دووەم بە رۆژی زمان و کولتووری تورکمان دیاریکراوە، ئەوەش بەھۆی ئەوەی لە ساڵی ١٩٩٢ لەو رێکەوتەدا یەکەم قوتابخانەی تورکمانی لە ھەولێر کراوەتەوە.