Rewa Mahmood Hasan
10 تەمووز 2020•نوێکردنەوە: 10 تەمووز 2020
سلێمانی - AA
بڕیارە کاتژمێر ٣:٣٠ خولەکی ئەمڕۆ، تەرمی رابەرتی تەریقەتی قادری کەسنەزانی، شێخ محەمەدی کەسنەزانی، بگاتەوە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی و لە میانی ئاپۆڕای موریدانیدا بەرەو دوا مەنزڵگەکەی رەوانە بکرێت.
شێخ محەمەد عەبدولکەریمی کەسنەزانی ٤ی ئەم مانگە لە ئەمریکا کۆچی دوایی کرد تەرمەکەی بە فڕۆکەیەکی تایبەت کە لە ڤێرجینیای ئەمریکاوە بەڕێکەوتووە، ئەمڕۆ دەگاتەوە شاری سلێمانی.
بەپێی زانیارییەکانی کە دەست ئاژانسی ئانادۆڵو کەوتووە، شێخ محەمەد لە نەخۆشخانەی (Chippenham & Johnston-Willis) کۆچی دوایی کردووە.
سەبارەت بە رێکارە تەندروستییەکانی کە لە کاتی بەرێوەچوونی پرسەی کۆچکردوو رابەری تەریقەتی قادری کەسنەزانی ئەنجام دەدرێت، لەلێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو ئامۆزای کۆچکردوو، سامان معرووف بەرزنجی ئاماژەی بەوەدا کە تەواوی رێکارە تەندروستییەکان گیراونەتە بەر کە خۆی لە ٤ رێکاردا دەبینێتەوە لەوانە،
بەکارهێنای دەستکێش، ماسک، ماددەی پاکژکەرەوە بۆ هەموو ئەوانەی کە دەچنە نێو مەیدانی پرسەکەوە، هاوکات کۆبوونەوەکە لە مەیدانێکی کراوەدا ئەنجام دەدرێت نەک داخراو کە هەموو ئەمانە رێکاری پێویستی تەندروستین بۆ شوێنە قەرەباڵغەکان.
ناوبراو ئاشکرای کرد کە زیاتر لە ٢ هەزار کەس بەشدارن لە مەراسیمەکەدا و چاوەڕێ دەکرێت قەرەباڵغ تر بێت کە زۆربەی دەروێش و موریدانی تەریقەتن و لە شارەکانی ناوەڕاوست و خوارووی عێڕاق، هەرێمی کوردستان و وڵاتی ئێرانەوە هاتن.
شێخ سامان ئاماژەی بەوەدا کە دوای ئەو رووداوە نەخوازراوەی رۆژی رابردوو کە لەسەر سنووری ئێران و هەرێمی کوردستان لە مەرزی باشماخ رووی دا و بەهۆیەوە ٤ کەس برینداربوون، شێخ نەهرۆ بەناوی شوێنکەوتووانی تەریقەت و جێگرەوەی شێخ محەمەدەوە پەیامێکیان بڵاو کردۆتەوە کە هەریەک لە دەروێش و موریدان لەماڵەکانی خۆیاندا پرسە بگێڕن و سەردان نەکەن، هەروەک نەشتوانراوە رێگریان لێبکرێت لە هاتنی ئەو دەروێشانە بۆ بەشداری کردن لە مەراسیمی بەخاکسپاردنەکەدا.
بڕیارە ئەمڕۆ ھەینی ١٠ی تەمووز تەرمی رابەری کۆچکردووی تەریقەتی قادری کەسنەزانی، شێخ محەمەد عەبدولکەریمی کەسنەزانی لە ئەمریکاوە بە فڕۆکەیەکی تایبەت بگاتە شاری سلێمانی و لەنێو تەکیەکەی خۆی لە بەکرەجۆ بەخاک بسپێردرێت.
لەئێستادا بە ھەزارن مورید و دەروێشی شێخ محەممەد عەبدولکەریمی کەسنەزانی و تەریقەتی قادری کەسنەزانی لە شارەکانی تری ھەرێمی کوردستان و خوارووی عێراق ھاتوون بۆ بەشداری کردن لە مەراسیمی ناشتنەکە و پەیمان دان بە کوڕی ناوبراو بەناوی شێخ نەھرۆ شێخ محەممەد کەسنەزانی.
لە بەردەم دەرگای تەکیەکەدا کە دەکەوێتە گەرەکی بەکرەجۆ شاری سلێمانی چەندین رێوشوێنی ئەمنی و تەندروستی گیراوەتە بەر.
بەپێی زانیارییەکانی ئاژانسی ئانادۆڵۆ مەزاری شێخ محەممەد کەسنەزانی لەنێو تەکیەکەدا دەبێت و لەئێستادا ھەموو ئامادەکارییەکان تەواو کراون و چواردەوری مەزارەکە بە بەردی مەڕمەڕ رازێنراوەتەوە و بڕیارە شوێنێکی گەورەی یاد کردنەوەی تیادا درووست بکرێت.
چەند کارمەندێکی ئەمنی تایبەت بە تەکیەی تەریقەتی قادری، دوای پشکنینی میوانەکان، بەڕێیان دەکەن بۆ نێو شوێنی مەراسیمەکە.
لەکاتی چوونە خوارەوە بە تەکیەکەداو لەشوێنی مانەوەی موریدانی تەکیەکە، خواردن، چا و ئاو ئامادە دەکرێت و نانی میوانان ئامادە دەکەن.