Zana Natık Kerem
13 ئاب 2024•نوێکردنەوە: 14 ئاب 2024
ھەولێر ــ AA
لایەنگرانی پێکھاتەی تورکمان و عەرەب لە کەرکووک، خۆپیشاندانیان دژبە پێکھێنانی حکوومەتی خۆجێی لە پارێزگاکە، ئەنجامدا.
ئیوارەی ئەمڕۆ سێشەممە، لایەنگرانی پێکھاتەی تورکمان و عەرەب لە بەردەم باڵەخانەی ئەنجوومەن و دیوانی پارێزگای کەرکووک گردبوونەوە.
لە میانی خۆپیشاندانەکەدا، خۆپیشاندەران ناڕەزایەتییان دەربڕی دژبە حکوومەتی خۆجێی پارێزگای کەرکووک کە ڕۆژی ١٠ی ئەم مانگە لە بەغدا، بەبێ تورکمان و بەشێک لە کورد و عەرەب و ، پێکھێنراوە.
ھەروەھا لە میانی خۆپیشاندانەکەدا، خۆپیشاندەران داوایان کرد کە دۆخی کەرکووک تێک نەدرێت و ھیچ لایەنێکیش لە حکوومەتی خۆجێی پەراوێز نەخرێت.
ڕۆژی ١٠ی ئەم مانگە، بەبێ بەشداری پارتی دیموکراتی کوردستان و بەرەی تورکمانی و ھاوپەیمانی عەرەبی، دانیشتنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە ھوتێلی ڕەشید لە بەغدا بەڕێوەچوو کە لە میانیدا ھەریەک لە ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان ، ڕێبوار تەھا بە پارێزگار، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگا لە فراکسیۆنی ھاوپەیمانی "قیادە"، محەمەد ئیبراھیم حافز بە سەرۆکی ئەنجوومەن و ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگا لە فراکسیۆنی بابلیۆن (کۆتای مەسیحی)، ئەنجیل زیا شیبا بە بڕیاردەری ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک ھەڵبژێردران.
هەریەك لە پارتی دیموکراتی کوردستان، بەرەی تورکمانی و ھاوپەیمانی عەرەبی، ھەڵبژاردنی پارێزگار و سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووکیان لە بەغدا، بە نایاسایی لەقەڵەمداوە و داوا دەکەن کە ھەڵبژاردنی پارێزگار و سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگاکە ھەڵبوەشێندرێتەوە.