Abderrazak Boulkemh
15 تشرینی یەکەم 2020•نوێکردنەوە: 15 تشرینی یەکەم 2020
هەولێر ــ AA
وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیاند كە بەناو "دادوەریی خوێن"ی سەربە رێکخراوی تیرۆریستیی داعش لە پارێزگای كەركووك دەستگیركراوە.
بەپێی راگەیەندراوێكی وەزارەتی ناوخۆ، هێزەكانی ئاژانسی هەواڵگریی بە هاوكاری هێزەكانی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی كەركووك لە میانی ئۆپەراسیۆنەكەدا، بەناو "دادوەریی خوێن" لە ویلایەتی نەینەوا سەربە داعش ناسراو بە ئەبو بەكر-یان دەستگیركردووە كە بەپێی ماددەی چواری تیرۆر بەتۆمەتی ئەندامبوون لە رێكخراوی تیرۆریستیی داعش داواكراوە.
لە راگەیەندراوەكەدا ئاماژە بەوەدراوە تیرۆریستەکە دوای چاودێریكردنی بۆ زیاتر لە مانگێك كە لە پارێزگای نەینەوا رووی لە كەركووك كردبوو، دەستگیركراوە.
ئەوەیش خراوەتەڕوو، تیرۆریستە دەستگیركراوەکە لە میانی لێكۆڵینەوە بەراییەكاندا، دانی بەوەداناوە كە ئەندامی رێكخراوی داعشە و بەشداریی لە چەندین كردەی تیرۆریستی دژبە هێزە ئەمنییەكان و هاووڵاتییان كردووە.
لە كۆتایی راگەیەندراوەكە باس لەوەكراوە، دەستگیركراوەکە دوای وەرگرتنی گوتەكانی، بە مەبەستی تەواوكردنی لێكۆڵینەوەكان، رەوانەی لایەنی پەیوەندیدار كراوە.