Zana Natık Kerem
19 مای,س 2024•نوێکردنەوە: 21 مای,س 2024
ھەولێر ــ AA
دەستەی باڵای حەج و عومرەی عێراق داوای کرد کە بەنرخی فەرمی، دۆلار بەو ھاووڵاتییانەی وڵاتەکەی بفرۆشرێت کە بۆ بەجێگەیاندنی فەریزەی حەج دەچنە سعوودیە.
دەستەی باڵای حەج و عومرەی عێراق لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە، ئەمساڵ ھاووڵاتییەکی زۆری عێراقی بۆ بەجیگەیاندنی فەریزەی حەج دەچنە سعوودیە و ئێستا ئەوان پێویستیان بەوەیە دۆلار بە نرخی فەرمی بکڕن، بەڵام بانکەکان ڕەتی دەکەنەوە دۆلار بە نرخی فەرمی بەو ھاووڵاتییانە بفرۆشن.
ڕاشیگەیاندووە پێویستە بانکی ناوەندی عێراق، داوا لە بانکەکان بە تایبەتی (بانکی بازرگانی عێراق، ڕافیدەین و ڕەشید) بکات، دەرگاکانیان بۆ فرۆشتنی دۆلار بە نرخی فەرمی بە ڕووی ئەو ھاووڵاتییانەدا بکەنەوە کە بۆ بەجێگەیاندنی فەریزەی حەج دەچنە سعوودیە.
ڕۆژی ١٨ی ئەم مانگە سەرۆکی دەستەی باڵای حەج و عومرەی عێراق، سامی مەسعودی ڕایگەیاند کە یەکەم کاروانی حاجیان بەرەو شاری مەککەی پیرۆز بەڕێ کەوتووە.
ئاماژەی بەوەشدابوو کە پاڵپشتی تێچووی حاجیانی ئەمساڵیان کردووە و بەو پێیە سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سودانی بڕی ٣٩ ملیار دینار بۆ تێچووی حەج دابین کردووە.
لای خۆیەوە وەزیری گواستنەوەی عێراق، ڕەزاق محێبس ڕایگەیاندووە کە بە ھەماھەنگی لەگەڵ دەستەی حەج ڕێکارەکانیان بۆ گواستنەوەی حاجییان لە ڕێگای سەرجەم فڕۆکەخانەکانی عێراق، تەواو کردووە.
ئاماژەی بەوەشداوە کە زیاتر لە ١٩ ھەزار حاجی لە ڕێگای ھێڵی ئاسمانی عێراقەوە دەگوازرێنەوە بۆ سعوودیە.