Rewa Mahmood Hasan
10 تشرینی دووەم 2020•نوێکردنەوە: 10 تشرینی دووەم 2020
سلێمانی ــ AA
بزووتنەوەی گۆران رایگەیاند کە ئەمڕۆ سێشەممە، سەرکردەی ھەڵکەوتوو و نیشتمانپەروەر و یەکێک لە دامەزرێنەرانی بزوتنەوەی گۆڕان، قادر حاجی عەلی بەھۆی نەخۆشی لە شاری سلێمانی، کۆچی دوایی کردووە.
بزووتنەوەی گۆڕان سەبارەت بە کۆچی دوایی قادر حاجی عەلی راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا ھاتووە"بە داخ و پەژارەیەکی زۆرەوە، ئەمرۆ سێشەممە سەرکردەی ھەڵکەوتوو و نیشتمانپەروەر و یەکێک لە دامەزرێنەرانی بزووتنەوەی گۆڕان، قادر حاجی عەلی بەھۆی نەخۆشی لە شاری سلێمانی، کۆچی دوایی کردووە".
بزووتنەوەی گۆڕان لە راگەیەنراوەکەیدا پرسە و سەرەخۆشی خۆی ئاراستەی بنەماڵە قادر حاجی عەلی، تەواوی خەڵکی کوردستان، ھاوخەبات و ھاوڕێگاکانی کردووە و ھاتووە" لە کاتێکدا یاد و یادەوەری سەرکردەی خوالێخۆشبوو بەرز رادەگرین ئەو راستییە بیر ھەموو لایەک دەھێنینەوە کە خوالێخۆشبوو ھەموو تەمەنی خۆی بۆ بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلی کوردستان تەرخان کردبوو، دوای دروستبوونی قەوارەی سیاسیی ھەرێمی کوردستانیش کەسایەتییەکی کاریگەری سیاسیی و پاڵپشتیکاری بەھێزکردنی بەرەی چاکسازی و گۆڕانکاری و چاکەی گشتیی بووە".
لە کۆتایی راگەیەنراوەکەدا ئەوە خراوەتەڕوو کە قادر حاجی عەلی، جگەلەوەی لە خەباتی چەکداری و لەناو کۆمەڵەی رەنجدەرانی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان سەرکردە و کەسایەتیەکی دیار بووە، لە کۆتایی ٢٠٠٦یشدا ھاوشانی رەوانشاد نەوشیروان مستەفا لە بەرەی ریفۆرمی سیاسیی بووە، ھەروەک لە دروستبوونی یەکەمین ئەزموونی ئۆپۆزسیۆنی سیاسیی لە ھەرێمی کوردستان یەکێک لە دامەزرێنەرانی بزووتنەوەی گۆڕان و بەدرێژایی ئەو ماوەیەی کە کاری لەناو بزووتنەوەکەدا کردووە وەک سەرکردەیەکی دیار بەوپەڕی تواناوە کاری بۆ سەرخستنی پەیامی سیاسیی و بەھێزکردنی بزووتنەوەکە کردووە.