Haydar Karaalp
15 تەمووز 2021•نوێکردنەوە: 15 تەمووز 2021
به‌غدا – AA
سه‌رکردەی ره‌وتی سه‌در، موقته‌دا سه‌در رایگه‌یاند كه به‌شداری له هه‌ڵبژاردنەکانی پێشوه‌خته‌دا ناكه‌ن كه بڕیاره له ١٠ی تشرینی یه‌كه‌می داهاتوودا ئه‌نجام بدرێت.
موقته‌دا سه‌در لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا گوتی: "رایده‌گه‌یه‌نم كه به‌شداری له هه‌ڵبژاردنه‌كاندا ناكه‌ین. پشتیوانی خۆیشم بۆ كابینه‌ی ئێستای حكوومه‌ت ده‌كێشمه‌وه".
سه‌در بانگه‌شه‌ی ئه‌وه‌ی كرد كه ئه‌وه‌ی له عێراق روو ده‌دات "پلانی داپڵۆسینی خه‌ڵك"ه، ره‌خنه‌یشی له‌وه گرت كه گوایه په‌یوه‌ندییه‌كانی عێراق و ئیسرائیل ئاسایی ده‌بنه‌وه.
هاوپه‌یمانی سائیرون سه‌ربه موقته‌دا سه‌در، خاوه‌ن ٥٤ كورسییه له كۆی ٣٢٩ كورسییه‌كه‌ی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و به‌مه‌یش حزبی یه‌كه‌مه له عێراق.
پێشتر حكوومه‌تی فیدراڵی رایگه‌یاندبوو كه ١٠ی تشرینی یه‌كه‌می ٢٠٢١ هه‌ڵبژاردنەکانی پێشوه‌خته ئه‌نجام ده‌درێن.