Rewa Mahmood Hasan
26 ئادار 2020•نوێکردنەوە: 28 ئادار 2020
سلێمانی - AA
لەگەڵ دەرکەوتنی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ COVİD-19 لە وڵاتی چین و دواتریش بڵاوبوونەوەی لە وڵاتانی دراوسێیی هەرێمی کوردستان، وەزارەتی تەندروستیی هەموو هەوڵەکانی چڕکردووەتەوە بۆ تێگەیشتن لە ڤایرۆسەکە و چۆنیەتی بڵاوبوونەوە و مانەوە و هۆکارەکانی تەشەنەکردنی.

رێنماییە تەندروستییەکان لە سنووری پارێزگای سلێمانی سەبارەت بە چۆنیەتی بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسەکە لە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی تەندروستیی سلێمانی-یەوە دەدرێت بە یەکە ئیدارییەکانی تر بۆ ئەوەی بڕیاری پێویستیان بۆ دەربکەن.
گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی تەندروستیی سلێمانی، د. یاد نەقشەبەندی بە ئاژانسی ئانادۆڵوی رایگەیاند ،"هەرلەوکاتەوەی ڤایرۆسەکە لە ئێران بڵاوبوویەوە، ئێمە رێکارەکانمان گرتە بەر کە لە خۆپارێزی و چارەسەردا خۆی دەبینیەوە، بێگومان لەگەڵ هەڵکشان و زیادبوونی ژمارەی تووشبوان بە ڤایرۆسەکە لە جیهان و هەرێمی کوردستانیشدا، ئێمە پێمان باشبوو رێکاری نوێ بگرینە بەر. یەکێک لەو رێکارانەی کە بەڕێوەبەرایەتی تەندروستیی سلێمانی گرتوویەتیە بەر، دابەشکردنی سلێمانی-یە بەسەر چوار ناوچەی تەندروستییدا، پاشان دانانی تیمی تایبەتە بۆ ئەو ناوچانە، تاکو بەوردتر کۆنترۆڵ بکرێن".

هاوکات دروستکردنی تیمی تایبەتی پزیشکی بۆ وەرگرتنی نموونە (سامپڵ) لە هەندێک لە گەڕەکە قەڕەباڵغەکانی شاری سلێمانی.
ئەم تیمانە بەردەوام گەڕەکە قەڕەباڵغەکان لە شاری سلێمانی دەپشکنن و نموونەیان لێوەردەگرن تاکو دڵنیاببنەوە لەوەی ڤایرۆسەکە نەگەیشتۆتە ئەو ناوچانە.

لەو بارەیەوە گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی تەندروستیی سلێمانی، د. یاد نەقشەبەندی ئاماژە بەوە دەکات کە لەسەر راسپاردەی بەڕێوەبەری گشتی تەندروستیی سلێمانی د.سەباح نەسڕەددین بریار درا کە پێنج تیم دروست بکرێت و تیمەکان بچنە ئەو ناوچانەی شاری سلێمانی کە خەڵک زۆرترین سەردانی دەکات بۆ کڕینی شتومەک، چونکە بەهۆی قەدەغەکردنی هاتوچۆوە خەڵک زیاتر سەردانی ئەو مارکێت و دووکانانە دەکات کە تێدا پێدوایستیەکانی رۆژانەی لە خۆراک بۆ دەستەبەر دەکات، ئێمە لە رێگەی ئەو تیمانەوە لەسەرەتادا پێنج ناوچە پشکنینان بۆ کراو تێستەریان لێوەرگیرا، لە داهاتووشدا سەردانی ناوچەکانی تر دەکرێت، بەڵام لەئێستادا رێکارەکان تەنها لە ناوچە زۆر قەرەباڵغەکاندا چڕ کراونەتەوە کە ئامانج لێی دۆزینەوەی هەر حاڵەتێکی گوماناوی و تووشبووە لەو ناوچانە، بەڵام خۆشحاڵانە لەو ناوچانە هیچ حاڵەتێکی تووشبوون تێیاندا بەدی نەکراوە".

د. یاد لەبارەی دۆخی کەرەنتینەکانی سلێمانی-یەوە دەڵێت "لەدووهەفتەی پێشوودا ژمارەی کەرەنتینکراوەکان لە سلێمانی-دا، گەیشتبوون بە ٧٥٠-٨٠٠ کەس، بەڵام لەو ژمارەیە ٥٠٠یان نێردرانەوە ماڵەوە دوای پشکنینەکان و نەبوونی هیچ ئاماژەیەکی ڤایرۆسەکە تێیاندا، لەئێستادا نزیکەی ٢٥٠ کەس لە کەرەنتینەکانی سلێمانی-دا دەمێننەوە، بەڵام ئەم ژمارەیە رۆژانە گۆڕانکاری بەسەردا دێت".
لە پارێزگای سلێمانی نەخۆشخانەی شەهید ئاسۆ (١٠٠ قەرەوێڵە)، نەخۆشخانەی عەلی ناجی (پشکنین)، نەخۆشخانەی ئاسا (٦٤ قەرەوێڵە) بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ، تەرخانکراون .