Fakhradin Ibrahim Mohammad
26 ئادار 2020•نوێکردنەوە: 27 ئادار 2020
ھەولێر - AA
گوتەبێژی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، جوتیار عادل لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای دەکات کە بەھۆی دۆخی تەندروستی عێراق و راگیرانی دەوامەوە لە بەغدا و پەرەسەندنی جۆری نوێی ڤایرۆسی کۆرۆناوە بوودجەی پەیوەندیدار بە مووچەی ھەرێمی کوردستان نەنێردراوە.
لە راگەیەندراوێکدا کە ئاراستەی رای گشتی کراوە، گوتەبێژی فەرمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، جوتیار عادل باسی لە پرسی دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان کردووە و دەڵێت "بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە زۆربەی وڵاتانی دونیادا، کۆمەڵگای مرۆڤایەتی رووبەڕووی دۆخێکی سەختی تەندروستی و ئابووری کرد و ھەرێمی کوردستان بەدەر نییە لەو دۆخە نەخوازراوە".
گوتەبێژی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان راشدەگەیەنێت "سەبارەت بە دابەشکردنی مووچە، وەزارەتەکانی (پێشمەرگە، تەندروستی، دارایی و ئابووری و ناوخۆ) مووچەیان وەرگرتووە و لە گوژمەی پێویست لە داھاتی ھەرێم دابین کرابوو، بۆ وەزارەت و دامەزراوەکانی تر چاوەرێی ھاتنی تەمویلەکەی بەغداین، ھەرکاتێک گەیشت، راستەوخۆ دەست دەکەین بەدابەشکردنی مووچەی سەرجەم وەزارەت و دامەزراوەکانی تر بە میکانیزمێک کە رەچاوی رێنماییە تەندروستییەکان بکرێت".
لە راگەیەندراوەکەدا ھەروەھا زانیاری وردتر بڵاو کراوەتەوە و ھاتووە، "سەرجەمی مووچەی موچەخۆران بۆ ھەر مانگێک لە ھەرێمی کوردستاندا بریتییە لە ٨٩٤ ملیار دینار، لەو بڕە ٤٥٣ ملیار دینار لە بەغداوە تەمویل دەکرێت، کە دەکاتە نزیکەی ٥١٪ کۆی پارەی پێویست بۆ دابەشکردنی مووچە، بەڵام بەھۆی ئەو دۆخە تەندروستییە و راگیرانی دەوامەوە لە بەغدا، ھاتنی ئەو تەمویلە دواکەوتووە، بۆ ئەو مەبەستە بەڕێز وەزیری دارایی وئابووری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە پەیوەندی بەردەوامدایە لەگەڵ وەزارەتی دارایی حکوومەتی فیدرال بۆ چارەسەرکردنی ئەو گرفتە، بۆیە ئێمە چاوەڕێین لە چەند رۆژی داھاتوودا ئەو تەمویلەمان بەدەست بگات بۆ تەواوکردنی دابەشکردنی خشتەی مووچەی سەرجەم وەزارەت و دامەزراوەکان".