Heman Hussein Yaseen
01 تشرینی یەکەم 2020•نوێکردنەوە: 02 تشرینی یەکەم 2020
هەولێر - AA
بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بومەلەرزەزانی ھەرێمی کوردستان، پێشبینیەکانی کەشوھەوای بۆ ٤٨ کاتژمێری داھاتوو راگەیاند و تیایدا پێشبینی ئەوە دەکات کە لە ھەندێک ناوچەی شاخاوی نمە باران دەبارێت.
لە راگەیەندراوێکی بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی ھەرێمی کوردستان، ئاماژە بەوە کراوە کە ئەمڕۆ ئاسمانی پارێزگای ھەولێر ھەور و سبەیشی لەنێوان پەڵە ھەور و نیمچە ھەوردا دەبێت و ئەگەری بارانبارینیشی لە ناوچە شاخاوییەکان و سنوورییەکاندا ھەیە.
بەپێی پێشبینیەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی ھەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ ئاسمانی زۆربەی ناوچەکانی کوردستان لەنێوان ساماڵ و پەڵە ھەور دەبێت و بەرزترین پلەی گەرما لە ھەولێر ٣٦، دھۆک ٣٤، سلێمانی ٣٢ و لە کەرکووک ٣٨ پلە دەبێت.
لەبارەی کەشوھەوای سبەی ھەینی، بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی پێشبینیکردووە کە ئاسمانی هەرێمی کوردستان لەنێوان پەڵە ھەور و نیمچە ھەوردابێت و لە ھەندێک ناوچەی شاخاوی و ناوچە سنوورییەکان نمەباران دەبارێت.