Rewa Mahmood Hasan
23 نیسان 2020•نوێکردنەوە: 25 نیسان 2020
سلێمانی - AA
بەشێک لە مامۆستایانی ئایینی سلێمانی داوا دەکەن، وێڕای رەچاوکردنی رێنماییە تەندروستییەکان، مزگەوتەکان لە رەمەزاندا بکرێنەوە و لێژنەی قایمقامیەتی قەزای سلێمانیش رادەگەیەنێت کە ئەگەر لە دوای دووی ئایار دۆخەکە ئاسایی ببێتەوە و مەترسی کۆرۆنا لەسەر ناوچەکە بەتەواوی نەما، ئەوا دەرگای مزگەوتەکانیش بکەنەوە.

بە نیشانەی ناڕەزایەتی لە بڕیاری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ داخستنی مزگەوتەکان لە ھەرێمی کوردستان، بەشێک لە مامۆستایانی ئایینی سلێمانی لە بەردەم قایمقامیەت گردبوونەوە.
مەلا ئەحمەد قامیشی وەک نوێنەری بەشێک لە مامۆستایانی ئایینی سلێمانی قسەی بۆ میدیاکاران کرد و گوتی: ''ئێمە وەک بەشێک لە مامۆستایانی ئایینی شارەکەمان داوا لە حکوومەت دەکەین لە مانگی رەمەزاندا، مزگەوتەکانمان بۆ بکرێتەوە لەبەر بەرژەوەندی موسڵمانان و بەرژەوەندی گشتی''.
جەختیشی لەوە کردەوە کە مزگەوتەکان شوێنی پاک و خاوێنین و سوپاس بۆ خوا کە ئەم نەخۆشیەش بەرەو کۆتایی و چارەسەرە و ئێمەش دەمانەوێت لە مزگەوتەکان دوعای بەکۆمەڵ بکەین بۆ موسڵمانان.
مەلا ئەحمەد قامیشی داواشی کرد کە مزگەوتەکان لەژێر رێنمانییەکانی تەندروستییدا بکرێنەوە و گوتی: ''ئەم نەخۆشییە لە مزگەوتەکان نەھاتووە، بەڵکو لە دەرەوەی مزگەوتەکان ھاتووە، بۆیە ھیوادارین لەگەڵ کردنەوەی بازاڕ و سەرجەم سێکتەرەکانی تری ژیان مزگەوتەکانیش وەک بەشێکی گرنگی ژیان بکرێنەوە".
مەلا ئەحمەد گوتیشی: ''ھەروەک گرنگی دەدەن بە خۆراکی جەستە و خواردن، با گرنگیش بدرێت بە خۆراکی رووحی کە لە مزگەوتەکانەوە دەستمان دەکەوێت، بۆیە داوا دەکەین کە گوێمان لێ بگرن و رێز لە بۆچوونمان بگیرێت و لە مانگی رەمەزاندا مزگەوتەکان بکرێنەوە''.
ھاوکات لەگەڵ گردبوونەوەکەدا، بەرپرسانی قایمقامیەتی سلێمانی پێشوازییان لە نوێنەری مامۆستایان کرد و بۆ گوێکرتن لە خواست و داواکارییەکانیان، لەگەڵیان کۆبوونەوە

دوای ئەوەی کە کۆمەڵێک لە نوێنەرانی بەشێک لە مامۆستایانی ئایینی لەگەڵ لیژنەیەکی قایمقامیەتی قەزای سلێمانی-دا کۆبوونەوەیەکیان ئەنجامدا، گوێ لە داواکارییەکانیان گیراو بەڵێنیان دا کە داواکەیان بگەیەننە سەروو خۆیان بەتایبەت وەزارەتی ناوخۆ و لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا.
لە لێدوانێکدا بۆ راگەیاندنەکان مەلا ئەحمەد ئاماژەی بەوەدا کە لە دانیشتنەکەیاندا لەگەڵ لیژنەی قایمقامیەت، بەڵێنی ئەوەیان پێداون کە داواکاریەکەیان تاوتوێ بکرێت و ئەگەر لە دوای دووی ئایار دۆخەکە ئاسایی ببێتەوە و مەترسی کۆرۆنا لەسەر ناوچەکە بەتەواوی نەما، ئەوا دەرگای مزگەوتەکانیش بکەنەوە، چونکە شوێنێکی پیرۆزە بەلای موسڵمانانەوە.