هه‌ولێر - AA
ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، ئارێز عه‌بدوڵڵا لەبارەی ناکۆکییەکانی زینی وەرتێ قسە دەکات و دەڵێت، ''ئەوە هێزی پارتی نەبوو کە چووە ئەوێ، بەڵکوو حکوومەت بوو، پێویستە هێزی حکوومەت لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان بڵاوەی پێبکرێت''.
ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، ئارێز عه‌بدوڵڵا له هەڤپەیڤینێکی لەگەڵ ئاژانسی ئانادۆڵو باسی لە قۆناغی کاری سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، پەیوەندییەکانیان لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان و هەروەها حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکات.
ئارێز عەبدوڵا جەخت لەوە دەکاتەوە کە یەکێتی لە کۆنگرەدا خۆی نوێ کردووەتەوە و دەشڵێت، سازش له‌سه‌ر پڕه‌نسیپ و ئامانجه‌كانی خۆیان بۆ هیچ هێزێک ناكه‌ین بەڵام له بابه‌تی به‌رژه‌وه‌ندی گشتیی‌دا له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كان رێكده‌كه‌ون. ناشیشارێتەوە کە هەم وەک خۆی و هەم وەک یەکێتی نیشتمانی کوردستان رەخنەیان لە ئەدای حکوومەت هەبووە، بەڵام پشتگیریان لێکردووە و چاکسازی بە چارەسەری هەموو گرفتەکان دەزانێت.
ئەو ئەندامەی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لەبارەی دۆخی عێراق و پێکهێنانی کابینەی نوێی ئەو وڵاتە قسە دەکات و دەڵێت، ''کازمی هیچ هێزێکی شیعەی لە پشت نییە و هەڵبژاردنی پێشەختە نەکرێت، سەرکەوتوو نابێت''.
- یه‌كێتی دوای کۆنگرە خۆی نوێكردووه‌ته‌وه
ئارێز عه‌بدوڵڵا لە سەرەتای دیمانەکەدا باس لە یەکێتی نیشتمانی کوردستان دوای کۆنگرەی حزبەکەیان لە کۆتاییکانی ساڵی رابردوو کرد و گوتی: ''له كۆنگره‌دا سه‌ركردایه‌تییه‌كی نوێ هه‌ڵبژێردرا و په‌یڕه‌و و پڕۆگرامێكی نوێ پەسەندکرا، واتا یه‌كێتیی خۆی نوێكردووه‌ته‌وه، له‌م چوارچێوه‌یه‌شدا به‌پێی هه‌لومه‌رج و گۆڕانكارییه‌كان، كاری خۆمان ده‌كەین، پێشووتر به‌هۆی نه‌به‌ستنی كۆنگره كۆمه‌ڵێك گرفتمان هه‌بوو، به‌ڵام دوای كۆنگره، ململانێ و ناكۆكییه ناوخۆییه‌كانمان نه‌ماون، بۆیه ده‌كرێت بڵێین یه‌كێتیی له‌سه‌ر هه‌مان رێبازی مام جه‌لال، خۆی له‌گه‌ڵ هه‌لومه‌رجی نوێ‌دا ده‌گونجێنێت و كاری خۆی ده‌كات''.
ئارێز عه‌بدوڵڵا سەبارەت بە په‌یوه‌ندی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له‌گه‌ڵ هێز و لایه‌نه سیاسییه‌كانی دیکەی هه‌رێمی كوردستان گوتی: ''پێمانوایه هه‌ندێك كار هه‌یه ده‌بێت هه‌ماهه‌نگیمان هه‌بێت، هاوكات ده‌بێت ململانێی سیاسیمان هه‌بێت، به‌ڵام به‌شێوه‌یه‌كی ئاشتییانه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ده‌بێت به‌یه‌كه‌وه كاربكه‌ین و به‌یه‌كه‌وه هه‌ڵبكه‌ین، چونكه وڵاتێك كه ئازادی و دیموكراسی تێدابێت، بێگومان ململانێی سیاسیشی تیایدا زه‌قه، ئه‌و ململانێ سیاسییه نابێت بگاته ئاستی پێكدادان و دروستكردنی مه‌ترسی بۆسه‌ر كۆمه‌ڵگا، بێگومان ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی به به‌رژه‌وه‌ندی گشتی میلله‌ته‌وه هه‌بێت، ئێمه له‌سه‌ری كۆك ده‌بین له‌گه‌ڵ هه‌موو هێزه‌كان به‌بێ جیاوازی، ئه‌ویشی پێویستی به بۆچوونی تایبه‌تی خۆمانه‌وه هه‌یه، هه‌ڵوێست و سیاسه‌تی خۆمان هه‌یه، بێگومان سازش له‌سه‌ر پڕه‌نسیپ و ئامانجه‌كانی خۆمان ناكه‌ین، هه‌ندێك شت هه‌یه تایبه‌ت به‌خۆمان، هه‌ندێك شت هه‌یه بابه‌تی گشتییه، بۆیه له بابه‌تی به‌رژه‌وه‌ندی گشتیی‌دا له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كان رێكده‌كه‌وین و له به‌رژه‌وه‌ندییه تایبه‌ته‌كانیش هه‌ركه‌س و لایه‌نێك سیاسه‌تی خۆی به‌ڕێوه‌ده‌بات''.
- هێزی حكوومه‌ت چووه‌ته زینی وه‌رتێ، هێزی پارتی نه‌چووه
ماوهیەکە به‌هۆی چوونی هێزێکی سه‌ربه وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه بۆ زینی وه‌رتێ، ناكۆكی كه‌وتووه‌ته نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان و ناكۆكییه‌كه گه‌یشتووەته ئه‌و ئاسته‌ی کە ژمارەیەک به‌یاننامه دژبە یه‌كتر ده‌ربكه‌ن، ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، ئارێز عه‌بدوڵڵا سه‌باره‌ت به‌م بابه‌ته گوتی: ''ئێمه له‌گه‌ڵ پارتی دیموكراتی كوردستان به‌یه‌كه‌وه وڵات بهڕێوهدهبین و له به‌غداش به‌یه‌كه‌وه‌ین، له‌سه‌ر زۆر بابه‌ت ئێمه یه‌كهه‌ڵوێست و یه‌ك ده‌نگین، به‌ڵام ئامانج و دونیابینیمان جیاوازه، واتا ئێمه وه‌ك یه‌كتر بیر ناكه‌ینه‌وه له هه‌ندێك بابه‌ت ره‌نگه وه‌كو یه‌كتر بیربكه‌ینه‌وه، بۆیه ململانێ شتێكی ئاساییه''.
ئارێز عه‌بدوڵڵا گوتیشی: ''سه‌باره‌ت به زینی وه‌رتێ به بۆچوونی من خاڵێكی هێنده گه‌وره نییه كه ئێمه له‌سه‌ری رێكنه‌كه‌وین، ئێمه ٢٢ ساڵه له‌گه‌ڵ پارتی رێككه‌وتووین، به‌داخه‌وه تا ئێستا شوێنه‌واره‌كانی دوو ئیداره‌ییمان نهسڕیووهتهوه كه ئه‌مه‌ش بۆ به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵك و به‌رژه‌وه‌ندی پارتی و یه‌كێتی خراپه، راسته هه‌موو هێزه‌كانی پێشمه‌رگه سه‌ربه وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ن، به‌ڵام سێ جۆر هێزمان هه‌یه، هێزێك هه‌یه سه‌ربه لیواكانی وه‌زاره‌تن، هێزێك هه‌یه لیوای ٧٠ و هێزێكی دیكه لیوای ٨٠ كه هه‌موویان سه‌ربه وه‌زاره‌تن، به‌ڵام ئه‌و هێزانه تایبه‌تمه‌ندییان هه‌یه، بۆیه ده‌ڵێین مادام هێزه‌كان به‌ته‌واوی یه‌كنه‌خراونه‌ته‌وه ده‌بێت تایبه‌تمه‌ندیش له‌به‌رچاو بگیرێت، هێزی حكوومه‌ت چووه‌ته زینی وه‌رتێ، هێزی پارتی نه‌چووه، به‌ڵام یه‌كێتی پێی وابوو کە نابێت له‌م قۆناغه‌دا ئه‌و هێزه بچێته ئه‌وێ یان لانیكه‌م به‌بێ رێككه‌وتن نابێت بچێته ئه‌وێ، چونكه له‌هه‌مانكاتدا پارتی رێگا نادات كۆمه‌ڵێك شوێن هه‌یه هێزه‌كانی حكوومه‌ت یان هێزه‌كانی لیوای ٧٠ بچن بۆ ئه‌وێ، ناكۆكییه‌كه له‌سه‌ر ئه‌وه‌یه، ئه‌مه‌ش شتێكی بچووكه، واتا به‌گشتی شوێنه‌واره‌كانی دوو ئیداره‌یی ماوه و هه‌موو داموده‌زگاكانمان یهكنهخستووهتهوه، ئه‌و جۆرە ناكۆییانه دێن و ده‌ڕۆن، ره‌نگه ئه‌م ناكۆکییه ببێته مایه‌ی ئه‌وه‌ی په‌له بكه‌ین له رێكخستنه‌وه‌ی هێزه‌كان و نه‌هێشتی ئه‌و شوێنه‌وارانه''.
- حكوومه‌تیش پێویستی به ریفۆڕم و چاكسازی هه‌یه
ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، ئارێز عه‌بدوڵڵا ده‌رباره‌ی ئه‌وه‌ی كه ئایا تا چه‌ند له ئه‌دای حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رازین گوتی: ''ئێمه به‌شێكین له حكوومه‌ت، به‌ڵام بێگومان ره‌خنه و گله‌ییمان لێی هه‌یه، بۆ نموونه ده‌بوو چه‌ند ساڵه زه‌مینه‌ی ئه‌وه‌ی بڕهخساندبووایه كه به‌یه‌كه‌وه‌ژیان و دووباره نه‌بوونه‌وه‌ی گرژی له‌نێوان هێزه سیاسییه‌كان هه‌بووایه و له‌وه‌یاندا گله‌یی هه‌یه له حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان''، .
ئارێز عەبدوڵا دەشڵێیت: ''ده‌رباره‌ی ئه‌و دۆخه ته‌ندروستییه‌ی كه ئێستا هه‌یه، هه‌موومان پشتگیریی حكوومه‌تمان كردووه و له‌باره‌ی قه‌یرانه داراییهكهش، بێگومان ئێمه به‌شێكین له حكوومه‌ت، به‌ڵام حكوومه‌تیش پێویستی به ریفۆڕم و چاكسازی هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێت ئیداره‌ی وڵات بدات''.
- کازمی هیچ هێزێکی شیعەی لە پشت نییە و هەڵبژاردنی پێشەختە نەکرێت، سەرکەوتوو نابێت
ئارێز عه‌بدوڵڵا له به‌شێكی هەفپیڤینەكهدا، تیشكی خستە سه‌ر بارودۆخی ئێستای عێراق و هه‌ڵسه‌نگاندنی کرد بۆ راسپێردراو بۆ پۆستی سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق، مسته‌فا كازمی و گفتوگۆكانی له‌گه‌ڵ كورد و گوتی: ''قۆناغێكی هه‌ستیاره بۆ پێكهێنانی حكوومه‌ت، ئه‌وه‌ی كه سه‌رۆكی حكوومه‌تی عێراق كاندید ده‌كات، لایه‌نه شیعییه‌كانن، ئێمه نین، چونكه بارودۆخی عێراق به‌م شێوه‌یەیە كه سه‌رۆكی حكوومه‌ت پشكی شیعه‌یه، كاتێك ئێمه بینیمان هێزه سه‌ره‌كییه‌كانی شیعه رێككه‌وتن له‌سه‌ر كه‌سێك، ئێمه پشتوانی ده‌كه‌ین، به‌ڵام ده‌كه‌وێته سه‌ر ئه‌وه‌ی له‌ناو په‌رله‌مان چه‌ند كه‌س پشتگیری ده‌كات و ئایا ئه‌و به‌رنامه‌ی كاره‌ی کە پێشكه‌شی ده‌كات تا چه‌ند له به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستاندایه، ئایا پابه‌ندی ده‌ستووره، ئایا له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی هه‌رێم ئاماده‌یه گرفته‌كان به‌تایبه‌ت مادده‌ی ١٤٠ و ناردنی شایسته داراییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان چاره‌سه‌ر بكات، ئه‌گه‌ر ئه‌وانه‌ی كرد ئه‌وا ئێمه له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی دیكه له‌ناو په‌رله‌مانیش پشتیوانی ده‌كه‌ین، به‌ڵام ده‌ستنیشانكردنی كازمی نه په‌یوه‌ندی به سوننه‌وه هه‌یه، نه به كورد''.
ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، ئارێز عه‌بدوڵڵا پێیوایه کە ئه‌گه‌ر هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته نه‌كرێت، سه‌رۆكوه‌زیران له پۆسته‌كه‌یدا به‌رده‌وام نابێت و له‌مباره‌یه‌وه گوتی: ''پێموایه به‌بێ هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته سه‌ركه‌وتوو نابێت، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی دروسته كه كازمی كه‌سێكی باشه، به‌ڵام له‌ناو هۆڵی په‌رله‌مان فراكسیۆنێكی گه‌وره‌ی له‌پشت نییه، وه‌كو عادل عهدولمههدی به ته‌نیایه، چونكه بهتهنیاشه، ئه‌و فراكسیۆنانه‌ی پشتیوانی‌یان كردووه، هه‌ر كاتێك به‌رژه‌وه‌ندییان نه‌ما ئه‌وا پاشگه‌ز ده‌بنه‌وه، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كابینهكهیشی له بارودۆخێكی ناله‌بار پێكدەهێنێت چونكه عێراق له قه‌یرانێكی ته‌ندروستیی و داراییدایه، له‌به‌ر ئه‌وه زه‌حمه‌ته سه‌ركه‌وتووبێت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر مسته‌فا كازمی حكوومه‌ت وه‌ربگرێت و بتوانێت له ئه‌مساڵدا هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته ئه‌نجام بدات، ئەوا بێگومان ده‌توانێت ئه‌م قۆناغه به ئاسانی تێپه‌ڕێنێت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر له حكوومه‌ت بێت و بیه‌وێت ئه‌م دووساڵه‌ی ماوه به‌رده‌وام بێت، ئه‌وا زه‌حمه‌ته''.
ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، ئارێز عه‌بدوڵڵا له‌باره‌ی شێوازی هه‌ڵبژاردنەکان گوتی: ''ئێمه له رابردوودا ئهزمهیهكمان تاقی كرده‌وه به ده‌نگدانی ئه‌لیكترۆنی كه ساخته‌كارییه‌كی گه‌وره‌ی تیادا كرا له سه‌رتاسه‌ری عێراق، بۆیه ئه‌و هێزانه‌ی كه زه‌ره‌رمه‌ندبوون زیاتر پێداگیری ده‌كه‌ن، خه‌ڵكێكی زۆر ناڕه‌زاییه‌تی ده‌رده‌بڕن، خه‌ڵكه‌كه زۆربه‌ی پێیانوایه ساخته‌كارییه‌كی زۆر كراوه، شه‌قامی عێراقیش گۆڕانكارییه‌كی گه‌وره‌ی به‌سه‌ردا هاتووه، خۆپێشانده‌ره‌كان به‌ره‌یه‌كی به‌هێزی مه‌ده‌نین و جیاوازن له‌و ئاراسته سیاسییه‌ی له رابردوودا هه‌بووه، واتا به‌ره‌یه‌كی شیعی یان سوننی نییه، ئه‌م به‌ره‌یه فشارێكی زۆری بۆ حكوومه‌ت هێناوه، هه‌ر ئه‌م هۆكاره‌شه كه وا ده‌كات پێداگیری له‌سه‌ر هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته ده‌كه‌ن''.
- دابەزینی نرخی نەوت و چالاکییەکانی داعش گرفتی سەرەکین لە ئێستادا
ئارێز عه‌بدوڵڵا سەبارەت بە دابه‌زینی نرخی نه‌وت و كاریگه‌رییه‌كانی له‌سه‌ر عێراق و هه‌رێمی كوردستان گوتی: ''دۆخێكی زۆر قورسه، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی داهاتی عێراق له‌سه‌دا ٩٥ پشت به نه‌وت ده‌به‌ستێت، كاتێك نه‌وت نرخی وا دابه‌زیووه و گه‌یشتووه‌ته ئاستێك كه تێچووی ده‌رهێنانی به‌قه‌د فرۆشتنییه‌تی، ئه‌گه‌ر وا بڕوات بێگومان دۆخه‌كه قورس ده‌بێت، هه‌روه‌ها هه‌رێمی كوردستانیش به هه‌مانشێوه پشتی به داهاتی نه‌وت به‌ستووه، له‌لایه‌كی دیكه‌شەوە كێشه‌یه‌ك هه‌یه له‌نێوان هه‌رێمی كوردستان و به‌غدا سه‌باره‌ت به نه‌وت كه ده‌مێكه هه‌وڵ ده‌ده‌ین له‌ژێر رۆشنایی ده‌ستوور ئه‌و كێشه‌یه چاره‌سه‌ر بكه‌ین، ئێمه مادده‌یه‌كی ده‌ستوورییمان هه‌یه، مادده‌ی ١١٢ كه پێناسه‌ی هه‌رێمی كوردستان بۆ ئه‌و مادده‌یه جیاوازه، بۆیه تا ئێستا نهماتوانییوه یاسایه‌ك ده‌ربكه‌ین بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و كێشه‌یه''.
ماوه‌یه‌كه تیرۆریستانی داعش له ناوچه جیاجیاكانی عێراق ده‌ستیان به چالاكی كردووه‌ته‌وه و چه‌ندین كردەی تیرۆریستییان ئه‌نجامداوه، ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، ئارێز عه‌بدوڵڵا هۆكاره‌كه‌ی ده‌گه‌ڕێنێته‌وه بۆ ئه‌و بارودۆخه‌ی كه عێراق پیایدا ده‌ڕوات و گوتی: ''تیرۆریستانی داعش دەستیان بە جموجۆڵ کردووە و هێزی دیكه‌ی تیرۆریستیش دروست بووه به تایبه‌ت له ناوچه سوننه‌نشینه‌كان، هۆكاره‌كه‌یشی ئه‌وه‌یه كه ئه‌وان دوای ئه‌و شكسته‌ی خواردیان كه عێراق و سووریا له ده‌ستیان پاككرایه‌وه، خۆیان رێكخسته‌وه، هه‌روه‌ها ئه‌و بارودۆخه‌ی كه عێراق پیایدا تێده‌په‌ڕێت و قه‌یرانی سیاسیی بووه‌ته ده‌رفه‌تێك بۆ تیرۆریستان كه خۆیان رێكخسته‌وه و رۆژ له‌دوای رۆژ له به‌هێزبووندان''.
news_share_descriptionsubscription_contact

